پەیامی کورد... پلاسخارت: نزیکەی ٣٠ هەزار عێراقی لەنێو کەمپی هۆل دەژین
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی هۆل و گەڕاندنەوەی عێراقییەکان ناو کامپە ڕایگەیاند، ئەو پرسە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە. ئاشکراشیکرد، نزیکەی ٣٠ هەزار عێراقی لەنێو کەمپی هۆل دەژین و زۆربەشیان تەمەنیان لە خوار ١٧ ساڵانەوەیە.
جێنین هێنیس پلاسخارت، گوتی: "پرسی کەمپی هۆل، پرسێکی ئاڵۆزە بۆ عێراق، ئەمەش بەوەی کە زۆر نزیکە لە سنوورەکانی عێراق و نزیکەی ٣٠ هەزار عێراقیش لەو کەمپەدان و چارەنووسیان نادیارە، لە دۆخێکی خراپیشدان. لە ماوەی ڕابردووشدا، کەمپی هۆل بارودۆخێکی نائارامی لە عێراق و باکووری ڕۆژئاوای سووریا دروست کردووە، بۆیە دەبێت کێشەی کەمپی هۆل چارەسەر بکرێت".
گوتیشی: "بەشێکی زۆری دەستگیرکراوانی ناو کەمپی هۆل لە خوار تەمەنی ١٧ ساڵیدان، نابێت منداڵانی نێو کەمپەکە سزا بدرێن. لەگەڵ ئەوەش عێراق هەوڵ دەدات عێراقییەکانی ناو کەمپەکە بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەربەستی گەورە لەبەردەم گەڕاندنەوەی خێزانەکانی ناو کەمپی هۆل هەیە، بۆیە پرسی کەمپی هۆل و چارەسەرکردنی پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە".
کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، پێشتر بۆ پەنابەرانی عێراقی لەسەر سنووری عێراق و سووریا لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دروستکراوە، لەدوای سەرکەوتن بەسەر داعشیش، خێزانی هەزاران چەکداری داعشی لێ نیشتەجێ کراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە