سێ بەندئاوی نوێ لە هەرێمی کوردستان درووست دەکرێت

سێ بەندئاوی نوێ لە هەرێمی کوردستان درووست دەکرێت

پەیامی کورد    ...    هەرێمی كوردستان، عێراق و توركیا لەسەر دروستكردنی سێ بەنداو، كە دەكەونە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ توركیا رێككەوتن. ئەندامێكی لیژنەی كوشتوكاڵیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لەبارەی دروستكردنی سێ بەنداوەكەی سنووری قەزای مێرگەسۆر، سبەینێ شاندێكی باڵای توركیا سەردانی بەغدا دەكات.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی كوشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە : سێ بەندئاو لە سنووری مێرگەسۆر درووست دەكرێن و حكوومەتی عێراق  و توركیاش رەزامەندییان بۆ درووستكردنیان پیشان داوە.

فارس روونیشی كردەوە: "بڕیارە لەگەڵ شاندێكی باڵای توركیا بە سەرۆكایەتی فەیسەڵ ئۆغلۆ، وەزیری پێشووی ئاو، كە ئێستا راوێژكاری سەرەكی توركیایە، لەگەڵ 3 پەرلەمانتار و سەرۆكی دامەزراوەی ئاوی توركیا، كە لە 21 كەس پێكدێن، سبەینێ لە بەغدا كۆبوونەوەیەك بكەین، كە یەكێك لە گرنگترین ئەو بابەتانەی گفتوگۆی لەسەر دەكەین، دروستكردنی ئەو سێ بەندئاوەیە، كە بە هاوبەشی لە نێوان توركیا، هەرێمی كوردستان و عێراق دروست دەكرێن، گفتوگۆی پێویست دەكرێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر ئەو بەندئاوانە دەدرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی كوشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەو سێ بەنداوە لەسەر رووباری هاوبەش دروست دەكرێن، بە دروستكردنی ئەو بەندئاوانە ئەو ناوچانە ئاوەدان دەكرێنەوە، كە ئێستا چۆڵن و خەڵك دەگەڕێتەوە سەر گوندەكانیان و ئەو گوندانە ئاوەدان دەبنەوە، هەروەها دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو، ئەوەش بۆ كشتوكاڵ و گەشتیاری سوودێكی زۆری دەبێت، هەروەها بۆ كارەبا كە یەكێك لە بەندئاوەكان 80 مێگاوات كارەبا و هەروەها ئەوەی دیكەی 40 تا 50 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە