پەیامی کورد... مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی هونەر لە تاران دژی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ
نزیکەی ٥٠ خوێندکاری زانکۆی هونەر لە تاران لە ناڕەزایەتی بە زۆرەملێکردنی سەرپۆش (مەقنەعە) لە حەوشەی ئەو زانکۆیە مانیان گرت و سەرەڕای جێگیربوونی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم و لێدانیان لەلایەن هێزەکانی حەراسەتەوە ،درێژەیان بە مانگرتنی خۆیان دا.
بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران، لە سەرەتای ئەو مانگرتنە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٣ دەستی پێ کرد، بەرپرسی حەراسەتی زانکۆ، هەڕەشەی لە خوێندکاران کرد کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان دەرگای زانکۆ لە هێزەکانی ڕێژیم دەکاتەوە، بەڵام خوێندکاران درێژەیان بە مانگرتن دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی خویندکاران، ئاوی زانکۆی هونەریان پچڕاند و ئاودەستەکانی ئەو زانکۆیەیان لەسەر خوێندکاران داخست.
لە درێژەی مانگرتنی خوێندکاران، کاتژمێر ٢ و ٣٠ خولەکی بەربەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپرسی حەراسەتی زانکۆی هونەر، هێرشی کردووەتە سەر خوێندکاران و ئەوانی وەبەر لێدان داوە و بەو هۆیەوە چەند خوێندکار بریندار بوون.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشارەکانی خۆیان بۆ سەر خوێندکاران کە خوازیاری پۆشینی ئیختیارین زیاد کردووە و لەو ڕاستایەدا هەتا ئێستا دەیان خوێندکاریان لە خوێندن هەڵپەساردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە