پەیامی کورد … ئیمارات دیسان کرایە ئامانجی مووشەکی حووسییەکان
حووسییەکانی یەمەن بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند پێگەیەکیان لە ئەبووزەبی پایتەختی ئیمارات کردووەتەوە ئامانج، وەزارەتی بەرگریی ئیماراتیش ڕای گەیاند، هێرشە مووشەکییەکە هیچ زیانێکی نەبووە، دواتر وەڵامیان دراوەتەوە و سەکۆی هەڵ دانە کایان وێران کردووە.
لەم بارەیەوە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات سەبارەت بەو مووشەکانەی شەوی ڕابردوو ئاراستەی ئەبووزەبی کراون ڕای گەیاندووە: "بەیانی ئەمڕۆ ڕێ گریمان کردووە لە مووشەکێکی بالیستی حووسییەکان و تەقێنراوەتەوە، لەگەڵ ئەوە پارچەکانی مووشەکەکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە".
ئاماژە بەوەش کراوە: دوای ئەو هەوڵە ئیمارات و حکومەتی یەمەن سەکۆی مووشەکە کەیان دۆزیوەتەوە و وێرانیان کردووە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئیمارات پێشتر ئامادەی ئەو هێرشە بوون و ئامادەکارییان کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی دووشەممە ١٧-١-٢٠٢٢، لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر ئەبووزەبی سێ کەس کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون، بەرپرسانی ئیمارات دەڵێن هێرشەکە لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە کراوە، گوتەبێژی حووسییەکانیش ڕای گەیاند، ئەگەر ئەبووزەبی بەر دەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی یەمەن، ئەوا ئیمارات "ناتوانێت بەرگەی هێرشەکانی داهاتوو بگرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە