ئەمریکا بەنیازە ٣٠٠٠ سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا بکات

ئەمریکا بەنیازە ٣٠٠٠ سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا بکات

پەیامی کورد... ئەمریکا بەنیازە ٣٠٠٠ سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا بکات

وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند ئەمریکا ٣٠٠٠ سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕووسی مەشقی سەربازیی لە بێلاڕووس و دەریای ڕەش ئەنجام دەدات و هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراینا زیاد کردووە.

ڕۆژی هەینی چوار بەرپرسی ئەمریکی بە ڕۆیتەرزیان وت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێزەکانی دیکەی ئەمریکا ڕەوانەی پۆڵەندا دەکرێن.

ڕەوانەکردنی ئەم هێزانە لە کاتێکدایە ئەمریکا هۆشدارییەکانی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا زیاتر کردووە. ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت، دەڵێت تەنیا بەرگری لە ناوچەکانی خۆی دەکات دژی دوژمنکاری هاوپەیمانێتی ناتۆ.

وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلاشتاک لە تویتەر نووسیویەتی پۆڵەندا ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت پێشوازی لە هێزەکانی ئەمریکا بکات.

وتی " بەهۆی بارودۆخی ئۆکرایناوە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەمریکا ٣٠٠٠ سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات. ئەمڕۆ لەم بارەیەوە قسەم لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا لوەید ئۆستندا کرد. ئامادەین لە هەر کاتێکدا بێت پێشوازی لە سەربازانی ئەمریکا بکەین لە پۆڵەندا."

ڕۆژی شەممە بلاشتاک بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕەوانەکردنی سەربازی زیاتر هێزەکانی ئەمەریکا لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا پتەوتر دەکات.

وتیشی " ئەو ڕاستیەی کە هێزەکانی ئەمەریکا لە پۆڵەندان و بەمزووانە هێزی زیاتر ڕەوانە دەکرێن بۆ پشتیوانیکردنیان، بەڵگەیە لەسەر هەبوونی هەڕەشەیەکی مەترسیدار لە ڕۆژهەڵاتەوە."

بەرپرسانی ئەمەریکا کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن بە ڕۆیتەرزیان وت پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەو هێزانە بگەنە پۆڵەندا.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی ڕەوانەکردنی ئەم هێزانە گرنگییەکی خۆی هەیە. سەرچاوەیەکی دیکە وتی ڕەوانەکردنی هێزەکان لەسەر فەرمانی ئۆستن بووە و ئەویش لەلایەن سەرۆک جۆو بایدنەوە ئاڕاستەکراوە

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە