ئەمریکا باری نائاسایی نیشتمانی لە بارەی ئێرانەوە بۆ ساڵێکی دیکە درێژ كرده‌وه‌

ئەمریکا باری نائاسایی نیشتمانی لە بارەی ئێرانەوە بۆ ساڵێکی دیکە درێژ كرده‌وه‌

پەیامی کورد... ئەمریکا باری نائاسایی نیشتمانی لە بارەی ئێرانەوە بۆ ساڵێکی دیکە درێژ كرده‌وه‌


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری باری نائاسایی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەووە و چاوەڕوان دەکریت دۆخەکە لە دوای 14ی مانگی یازدەی ساڵی 2023ش بەردەوام بێت.

کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "جۆ بایدن لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس ئاماژەی بەوە کردووە باری نائاسایی نیشتمانی پەیوەست بە ئێران کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1979 بە فەرمانی 1217ی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیەندرا، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ بکرێتەوە".

فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە 1217 لە سەردەمی سەرۆکایەتی جیمی کارتەر و دوای 10 رۆژ لە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران دەرچوو. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە 4ی مانگی یازدەی ساڵی 1979 لەلایەن خوێندکارانی ناسراو بە "پەیڕەوانی هێڵی ئیمام" لە تاران داگیرکرا و کارمەندەکانی بە بارمتە گیران.

لەو فەرمانەدا کە لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا لە لایەن هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا، چ کۆماری و چ دیموکرات درێژکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئێران "مەترسییەکی نائاسایی و گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووری ئەمریکا".

کۆشکی سپی رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و هەر بۆیە ئەو پرۆسەیەی کە لە مانگی یازدەی ساڵی 1979دا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ "باری نائاسایی" دژی ئێران دەرکراوە، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نامەکەیدا بۆ کۆنگرێس نووسیویەتی کە بە پێویستی دەزانێت بڕگەکانی بڕیاری باری نائاسایی نیشتمانی وەک خۆی درێژ بکڕێتەوە و جەختیشی لەسەر نیگەرانییەکانی ئێستا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا کردووەتەوە.

سەرۆکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی باری نائاسایی نیشتمانی دژی ئەو وڵاتە یان ئەو گروپانە دەردەکەن کە بە هەڕەشەیەکی نائاسایی یان گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە دادەنرێت.

رەوایەتی ئەو بڕیارانەی کە لە چوارچێوەی یاسای باری نائاسایی نیشتمانیدا دژی وڵاتانی دیکە دەردەچن، ئەگەر لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە نوێ نەکرێتەوە، هەڵدەوەشێنەوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە