پەیامی کورد... ئەمریکا: هەرگیز رێگە بە ئێران نادەین چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، نێد پرایس رایگەیاند، ئەمریكا هەرگیز رێگە بە ئێران نادات چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (UAEA) رایگەیاند كە لە دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی لەسەدا ٨٣،٧ دۆزراوەتەوە.
نێد پرایس لە وەڵامی پرسیارەكان سەبارەت بە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا وتی: "سەرۆك (جۆ) بایدن بەڵێنی ئەوەی داوە كە ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، هەرگیز رێگە نادەین ئەوە رووبدات".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دووپاتی كردەوە كە كێشەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەكرێت و وتی: "ئێمە دەمانەوێت چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ ئەو كێشەیە بدۆزینەوە كە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دروستی كردووە. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كە كاریگەرترین رێگا بۆ گەیشتن بەم چارەسەرییە رێگەی دیپلۆماسییە. ئێمە هەموو ئامرازە پێویستەكان بەكاردەهێنین بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ئێران هەرگیز چەكی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت".
پرایس ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمریكا لە پەیوەندییەكی نزیكدایە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو كە گوتی: "تا ئێستا چەند سزایەكتان سەپاندووە، بەڵام وا دەردەكەرێت كە ئەوان (ئێران) بەردەوابن لە پیتاندنی یۆرانیۆم، تا چەند متمانەتان بەوە هەیە كە ئەم سزا نوێیانە، رێگری دەكەن لە ئێران لە درێژەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی؟" وتی: "ئێمە لەڕادەبەدەر متمانەمان بەوە هەیە كە ئێران نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی. ئەمە ئامانجێكە كە لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوبەشی دەكەین".
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەو راپۆرتەی خۆیدا كە سێ مانگ جارێك لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەرایەتی هاوبەشی پێ دەكات، سەبارەت بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەو زانیاریانەی خستەڕوو كە گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەم وڵاتەدا دۆزراوەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە