پەیامی کورد... کۆنگرێسی ئەمریکا داوای ناردنی هێزەكانیان بۆ مەکسیک دەکەن
کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت بەشێک لە ئەندامانی داوای ناردنی هێزەكانیان بۆ مەکسیک دەکەن، بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، سەرەڕای ئەزمونی لەشکرکێشی عێراق و ئەو کارەساتانەی کە لەدوای خۆی بەجێیهێشتوە، دەیانەوێت ناردنی هێز بۆ ئەو وڵاتەش تاقیبکەنەوە.
رۆژنامەی پۆلیتیکۆ کە لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەوە بڵاویکردۆتەوە: كە بانگەوازی زیاتر لە نێوان سیاسەتمەدارانی ئەمریکا هەیە بۆ ناردنی هێز بۆ مەکسیک بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان
ئەوەش خراوەتەڕوو: ئامادەیی هەندێک لە کۆمارییەکان بۆ دەرکردنی یاسا بە ئاشکرا یان پشتگیریکردن لە بەکارهێنانی سەربازی لە مەکسیک ئاماژەیەکە، بۆئەوەی کە بیرۆکەی ناردنی هێزی ئەمریکا بۆ مەکسیک بیرۆکەیەکی ڕەگ داکوتاوە.
روونیشكراوەتەوە: دیموکراتەکان ئەگەرێکی لەو شێوەیە ڕەتدەکەنەوە، هەروەها جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت دەست بەو ئۆپەراسیۆنانە بکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەموان لەبیریانە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە دوایین هەفتەکانی سەرۆکایەتیدا باسی لە ئەگەری ناردنی هێزی تایبەت یان گواستنەوەی بۆ شەڕی ئەلیکترۆنی دژی سەرکردەکانی "کارتێل" (باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان) کردوە ئەگەر دوبارە وەک سەرۆک هەڵدەبژێردرێتەوە.
شایەنی باسە هەریەک لە دان کرێنشاو و مایک والتز، ئەندامانی کۆنگرێسی کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان پێشنیار کردوە کە داوای بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکەن بۆئەوەی ئەمریکا بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ کارتێلەکان.
لەم بارەیەوە سیناتۆر تۆم کۆتۆن ئاشكرای دەكات: ئامادەیە سەربازانی ئەمریکا بنێرێت بۆ مەکسیک بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئاغاکانی ماددە هۆشبەرەکان تەنانەت بەبێ مۆڵەتی ئەم وڵاتە (مەکسیک).
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش، ژەنەڕاڵ مارک میلی، پێشتر نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بەم پێشنیازە بە "بەرگری یەک" دەربڕی و باسی لەوەكردوە: بەرەنگاربونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان ئەرکی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسایە نەک سوپا و نابێت واشنتن بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی هێز بنێرێتە مەکسیک.
لای خۆشیەوە ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر سەرۆکی مەکسیک دژایەتی هەرچەشنە دەستێوەردانێکی سەربازی ئەمریکای بەم بیانوانە لە وڵاتەکەیدا کرد و جەختی کردەوە: كە روبەڕوبونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ئەرکی هێزەکانی مەکسیکە نەک وڵاتێکی دیکە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە