پەیامی کورد ... نزیکەی ٨ هەزار کەس لە عێراق سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، تاوەکو سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو(7 هەزار و 935) زیندانی لە عێراق هەبوون، کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.
سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عێراق، لە نووسراوێکدا کە لە 3/12/2020دا واژۆی کردووە و لە راگەیاندنی فەرمیی عێراق ناوەڕۆکەکەی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: "ژمارەی سزادراوان بە لەسێدارەدان، کە بڕیاری سزادانیان کۆتاییە و سەرۆکایەتی کۆمار پەسندی کردووە 76 سزادراون، ئەو سزادراوانەشی کە لە دەستبەکاربوونی منەوە لە 7/6/2020 تاوەکو (3/12/2020) لە سێدارەدراون 45 کەسن، هەروەها ئەوانەی لە ساڵی 2015 تاوەکو (3/12/2020) لە سێدارەدراون 327 کەس بووە".
بەپێی نووسراوی فەرمانگەی چاکسازی لە عێراق، ژمارە 1690 لە 19/11/2020 دا، ژمارەی سزادراوان بە لەسێدارەدان لە عێراق، کە لە سێدارەنەدراون، 7 هەزار و 935 سزادراون، هەروەها ژمارەی سزادراوان بە لەسێدارەدان بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە سزاکانیان لە تێهەڵچوونەوەدا پەسندکراوە هەزار و 12 سزادراون، بەڵام ژمارەی سزادراوان بە لەسێدارەدان بەپێی یاسای سزاکان، کە سزاکانیان لە تێهەڵچوونەوەدا پەسندکراوە 316 سزادراون، جیا لەوە ژمارەی سزادراوان بە لەسێدارەدان کە سزاکانیان لە تێهەڵچوونەوەدا هێشتا پەسندنەکراوە 6 هەزار و 607 سزادراون".
وەزیری دادی عێراق لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی سزاکانی ئەوانەی سزاکانیان لە تێهەڵچوونەوەدا پەسندکراوە، دەرنەچوونی فەرمانی کۆمارییە بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان، بەڵام هۆکاری جێبەجێنەکردنی سزاکانی لەسێدارەدان ئەوانەی سزاکانیان لە تێهەڵچوونەوەدا پەسندنەکراوە، بریتییە لەوەی کەیسەکانیان هێشتا لەژێر وردبینی دادگای فیدراڵی تێهەڵچوونەوەدان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە