وەزیرەکەی سەدر هۆشدارییەکی توند بە قەیس خەزعەلی دەدات

بەرواری بڵاوکردنەوە :
وەزیرەکەی سەدر هۆشدارییەکی توند بە قەیس خەزعەلی دەدات

پەیامی کورد... وەزیرەکەی سەدر هۆشدارییەکی توند بە قەیس خەزعەلی دەدات

ساڵح محەممەد عێراقی، کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر کە بە «وەزیرەکەی سەدر» ناسراوە، پەیوەست بە ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی بەسرە هۆشداری دایە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و ڕایگەیاند، «پێویستە میلیشیاکانت جڵەو بکەیت، ئەگەر خۆشت لە بکوژ و تاوانباران بێبەری نەکەیت، کەواتە بێ چاو و ڕویت».

پەڕەی ساڵح محەممەد عێراقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق «ئەگەر خۆت لە بکوژ و تاوانباران بێبەری نەکەیت، یان نەیسەلمێنیت کە سەر بەتۆ نین، کەواتە بێ چاو و ڕویت».

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت بێباکی بەرامبەر ڕشتنی خوێنی گەل کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە ناکرێت هەر کەسێک فەرمانی کوشتن بە شوێنکەوتوەکانی بدات و خەڵک تیرۆر بکات، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە حەشدی شەعبی بەرامبەر ئەو «تاوانە بێبەرییە».

شەوی ڕابردو لە پارێزگای بەسرە شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکداری لەنێوان نووسینگەیەکی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و حوسێن فوئاد، فەرماندەی هێزەکانی سەرایا سەلامی سەر بە ڕەوتی سەدر ڕوویدا، لە ئەنجامیشدا فەرماندەکەی سەرایا سەلام کوژرا و ژمارەیەک چەکداری بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقیش برینداربون.

ئەم هۆشدارییەی سەدرییەکان، دوای تێکهەڵچوونەکەی شەوی ڕابردووی پارێزگەی بەسرەی باشووری عێراق دێت لەنێوان هێزەکانی سەرایا سەلامی سەدری و هێزەکانی عەسائیب.

عێراقی داوای لە خەزعەلی کردووە، کۆنترۆڵی میلیشیا چەکدارەکانی بکات و خۆی لە تاوانباران دوور بخاتەوە.

گرژییەکانی پارێزگەی بەسرە دوای ڕۆژێک لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا دێت کە زیاد لە ٣٠ کوژراو و ٧٠٠ برینداری لێکەوتەوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە