ئێران؛ ٢٦ هاووڵاتیی بەهایی سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

ئێران؛ ٢٦ هاووڵاتیی بەهایی سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

پەیامی کورد... ئێران؛ ٢٦ هاووڵاتیی بەهایی سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

٢٦ هاووڵاتیی "بەهایی" دانیشتووی شاری شیراز بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بە دژی ڕژێمی ئێران سەرجەم ٨٥ ساڵ حوکمیان بەسەردا سەپا.

ئەو هاووڵاتییانە وێڕای داسەپاندنی حوکمی زیندانی، بەرەوڕووی "دوورخستنەوە، ڕاگرتنی پاسپۆرت و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران" کراونەتەوە.

ئەو دۆسیەیە کە لە دادگای شیراز کراوەتەوە، لە ساڵی ٩٥ی هەتاوییەوە تا ئێستا درێژەی هەیە.

کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بە ناڕەوا تۆمەت دەدرێتە پاڵ هاووڵاتییانی بەهایی و تەنیا ئامانج لەو هەوڵانە ڕێگریکردن لە چالاکییە مەزهەبییەکانی پەیڕەوانی ئەو ئایینەیە.

لەنێو ئەو هاووڵاتییانەدا کۆمەڵێک ژن بوونیان هەیە کە پێنج کەسیان بە ٥ ساڵ زیندان و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران و ڕاگرتنی پاسپۆرت و ٩ ژنی دیکە هەر کام بە دوو ساڵ زیندان، ڕاگرتنی پاسپۆرت و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران مەحکووم کراون.

هەروەها ٥ پیاو هەر کام بە ٥ ساڵ زیندان و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شارە جیاوازەکانی ئێران و خۆ ناساندنی ڕۆژانە بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگا و باقیی هاووڵاتییانی دیکە دوو ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئێران، قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران و ڕاگرتنی پاسپۆرتیان بەسەردا سەپاوە.

ئەو حوکمانە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردان بە پارێزەری ئەو هاووڵاتییانە ڕاگەیەندرابوو.

دەوترێت کە "یەکتا فەهەندژ سەعدی" بەر لەوە دوو جاری دیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شیراز دەستبەسەر و تۆمەتبار کرابوو. ئەو حوکمەی ئێستا لە حاڵێکدا بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە کە ناوبراو لە هەر دوو دۆسیەی پێشوودا بێتاوان ناسرابوو.

دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە حاڵێکدا بەڕێوە چوو کە دادوەری دۆسیەکە لە شەش ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆسیەیە نوقسانی تێدا هەیە.

ڕژێمی ئێران ئایینی "بەهایی" بە فەرمی ناناسێت و دەیان ساڵە کە پەیڕەوانی ئەو ئایینە لەگەڵ گوشاری زۆر بەرەوڕوون.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە