پەیامی کورد... ئێران لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی لەسەدا 84 ڕونكردنەوە دەدات
ئێران ئەو هەواڵانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە بەڕێژەی 84% یۆرانیۆمی پیتاندووە.
وتەبێژی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، بەهرۆز کەمالوەندی بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێرانی راگەیاند کە ئەو دەنگۆیانەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن گوایە ئێران بەڕێژەی 84% یۆرانیۆمی پیتاندووە دوورن لە راستییەوە و وتی: "گەیشتنی گەرد و گەردیلەکان بۆ رێژەی زیاتر 60% لە میانی پیتاندنی یۆرانیۆمدا، بەو واتایە نایەت کە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتبێتە سەرووی 60%. تاکوو ئێستا بەڕێژەی سەرووی 60% یۆرانیۆممان نەپیتاندووە".
بەهرۆز کەمالوەندی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وەک "ئامرازێکی گوشاری سیاسیی" لێ هاتووە، وتیشی: "ئەمەیش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر متمانەکردن بەو دامەزراوەیە".
Bloomberg لە زاری دوو دیپلۆماتکاری ئاستبەرز کە نەیانویستبوو ناویان بڵاو بکرێتەوە لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە هەفتەی رابردوو، سەرپەرشتیارانی نێودەوڵەتی کە چاودێری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن، بۆیان دەرکەوتووە لەو دامەزراوانەدا بەڕێژەی 84% یۆرانیۆم پیتێندراوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە کە ئاگاداری بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵەن و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی لەم بارەیەوە دەستەی بەڕێوەبردن ئاگادار دەکاتەوە.
بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەلایەن ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لە 2015 واژوو کرا رێگە بە ئێران دەدرا بەڕێژەی 3.67% بەردەوامی بدات بە پیتاندنی یۆرانیۆم.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە