پەیامی کورد … ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ٦٠٪
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەدات و بە “تەواو مەترسیدار” ناویدەبات، بەهۆی ئەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی تا ئاستێکی زۆر بەرزکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردەوە، ئێران بە ڕێژەیەکی بەرز یۆرانیۆم دەپیتێنێت، بەجۆرێک هیچ وڵاتێک بۆ دروستکردنی بۆمب نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.
ڕافائیل گرۆس بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، “پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران گەیشتووەتە ٦٠٪، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، هیچ دەوڵەتێک ناگاتە ئەو ئاستە ئەگەر بۆ دروستکردنی بۆمب نەبێت”.
پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٦٠٪ تەنها بۆ دروستکردنی بۆمبە، ئەگەرنا، پیتاندن بۆ مەبەستی بازرگانی، پێویستی بە ٢٪ بۆ٣٪ هەیە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ولاتانی ٥ کۆ ١ کشایەوە، ئەمەش ئێرانی هاندا بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەمەبەستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، وەک ئاژانسی وزەی ئەتۆم هۆشداری لەبارەوەداوە، لەكاتێكدا بەردەوام ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ڕەتدەکاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە