سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی تورکیا دەکات

سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی تورکیا دەکات

پەیامی کورد... سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی تورکیا دەکات


بەپێی پلانی ناوەندی راگەیاندنی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە رۆژانی 3-5ی تشرینی دووەمی 2022 لە تورکیا دەبێت و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و ناتۆ دەکات.

بەگوێرەی پلانەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆدەبێتەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام دەدەن و رۆژی دواتر 4-11-2022 لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە. هەر لە سەردانەکەی تورکیایدا دەچێتە پارێزگای چاناککالێ و لەگەڵ هێزەکانی ناتۆ و فەرماندە سەربازییەکانی تورکیا-ی ناتۆ کۆدەبێتەوە.

لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی راگەیاندنی ناتۆ هاتووە: ستۆڵتنبێرگ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ئەندامێتیی سوێد و فینلاند و جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، پەیوەندییەکانی تورکیا-ناتۆ و چەندین بابەتی پەیوەندیدار و هاوبەش دەکات.

رۆژی 1-11-2022 یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند و ئوڵف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد کردووە ، بڕیاریشە رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2022، ئوڵف کریستێرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوێد سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەندامێتیی وڵاتەکەی لە ناتۆ گفتوگۆ بکات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە