پەیامی کورد... بنكەكانی ئەمریكا لە هەفتەیەكدا 15 جار لە عیراق و سووریا كراونەتە ئامانج
لە 17ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، بە ئاراستەكردنی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ، 15 جار بنكەكانی سوپای ئەمریكا لە عیراق و سووریا كراونەتە ئامانج .
ئەمڕۆ پێنجشەممە دووبارە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە ئاراستەكردنی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان كرایە ئامانج.
بەگوێرە زانیارییەكان بەهۆی ئەو هێرشانەوە 24 سەرباز برینداربوون و ھاووڵاتییەكی ئەمریكی كە وەك بەڵێندەر لە بنكەی تەنەف لە سووریا كاری دەكرد، گیانی لەدەستداوە.
لەو 15 ھێرشەدا، دە ھێرشیان بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد و سێ دیكەشیان بۆسەر بنكەی تەنەف، یەكێكی دیكەیان بۆسەر خەراب ئەلجیر، ھەروەھا ھێرشەكەی دیكەیش بۆسەر بنكەی هەریر ئەنجامدراون.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لەعیراق ڕایگەیاندووە، ئەنجامدانی ھێرشەكان بۆسەر بنكەكانی ئەمریكا لە عیراق و سووریا لە وەڵامی ئەو ھێرش و بۆردومانانەیە كە سوپای ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگەوە بۆسەر كەرتی غەززە ئەنجامی دەدەن.
لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، ترسی ئەوە ھەیە كە شەڕەكەی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەكدارەكانی فەڵەستین لە كەرتی غەززە لە ناوچەكە فراوانتر بێت.
یەكەم ھێرشی لە 17 ی ئەم مانگە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆسەر بنكەی تەنەف لە سووریا كە ھێزەكانی ئەمریكای تیایدا جێگیركراون، ئەنجامدرا، ھەروەھا لە ھەمان ڕۆژدا،بە دوو ھێرشی جیا لەڕێگای ئاراستەكردنی ژمارەیەك مووشەكەوە، لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی هێرشكرایە سەر بنكەی عەین ئەسەد.
لە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، لەڕێگای ئاراستەكردنی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە، ھێرشكرایە سەر بنكەی ھەریر لە پارێزگای ھەولێر كە ھێزەكانی ئەمریكای تیایدا جێگیركراوە.
ھەر ھەمان ڕۆژ، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەكەی سەر بنكەی ھەریر ڕاگەیاند.
دوای ئەوە لە ڕۆژی 19ی مانگ تا ئێستا دە ھێرش لەڕێگای ئاراستەكردنی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە، بۆسەر بنكەی عەین ئەسەد ئەنجامدراون.
دوێنێ چوارشەممە، پاتریك رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن)، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی ھێرشی سەر بنكەكانی ھێزەكانیان لە عیراق و سووریا كرد و ڕایگەیاند: "لە 17ی تشرینی یەكەمەوە تا ئێستا 13 جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بە جۆرێك لە عێراق دە جار و لە سووریاش سێ جار".
وتیشی ،ھێرشەكان لە لایەن ئێران و سوپای پاسدارانەوە پێشتیوانیان لێ دەكرێت: دهشڵێت ،ئەگەری ئەوە دەدەین كە لە داھاتوودا ھێرشی گرووپەكانی نزیك لە ئێران و بە گشتی ئێران خۆی، بۆ سەر ھێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە زیاد بكات".
جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەمریكا لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوا لە خۆی، ئامادەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان و كارمەندانی خۆی لە ناوچەكە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە