پەیامی کورد... یەکێتیی ئەورووپا شەشەمین پاکێجی سزاکانی دژ بە ڕووسیا ئامادە دەکات
نوێنەری باڵای یەکێتی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، ئاشکرای کرد "جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا" مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان دروست کردووە، بۆیە لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەن شەشەمین پاکێجی سزا دژ بە ڕووسیا ئامادە بکەن.
جۆزێپ بۆرێڵ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە: "هەوڵ دەدەین لە شەشەمین پاکێجی سزاکاندا ژمارەیەکی زیاتر لە بانکە ڕووسییەکان لە سیستەمی سویفت (SWIFT) دەربکەین، سزای ئەوانە بدەین کە زانیاری چەواشەکار بڵاو دەکەنەوە و هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیاوە بەتەواوی قەدەغە بکەین. تەواوی ئەم سزایانە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ کردن".
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی وڵاتانی خۆرئاوا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە شەشەمین پاکێجی سزاکاندا کار لەسەر ئەوە دەکات بانکی دارایی مۆسکۆ و بانکی کشتوکاڵی ڕووسیا لە سیستەمی سویفت (SWIFT) دەربکات.
هەروەها باس لەوە دەکرێت ڕەنگە بانکی گەورەی ڕووسیا، سبیربانک بخرێتە لیستی ئەو بانکانەی سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەریەک لە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا پێشتریش چەند بانکێکی ڕووسیایان لە سیستەمی سویفت دەرکردبوو.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت ڕەنگە لە پاکێجەکەی یەکێتیی ئەورووپادا کار لەسەر ئەوە بکرێت هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیاوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە و تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ هاوردەکردنی نەوت بەتەواوی قەدەغە بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دژی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیان. یەکێک لەو وڵاتانەی کە دژی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیایە، هەنگاریایە کە لە سەددا ٦٥ی نەوت لە ڕووسیاوە هاوردە دەکات. پێشتریش وەزیری دەرەوەی هەنگاریا و وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هەنگاریا ڕایانگەیاندبوو "پێویستە یەکێتیی ئەورووپا گەرەنتی دابینکردنی وزەی وڵاتەکەمان بدات. بۆیە تاوەکوو ئەو کاتەی وەڵام وەرنەگرین دەنگ بە هیچ سزایەک نادەین کە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا سنووردار بکات".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە