پەیامی کورد … لە ئورمیە لاوێکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئێران کوژرا
لاوێکی خەڵکی ئورمیە کە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانە گیانی لە دەست دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٧ی تەمووزی ٢٠٢١، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “ڕەحمان ئەحمەدیان” تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی نەریمان، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شاره لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەست داوە.
ڕەحمان ئەحمەدیان ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی تەمووز) لەگەڵ چەند کەسی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.
یەکێک لە نزیکانی ڕەحمان ئەحمەدیان کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: “ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پەیوەندی بە ماڵی ڕەحمان کراوە و پێیان وتراوە کە کوڕەکەتان خۆی هەڵواسیوە وەرن تەرمەکەی وەربگرنەوە”.
ناوبراو لە درێژەدا وتی “ ئەوان بە ئێمەیان وتووە کە خۆمان تەرمەکەمان بردووەتە پزیشکی داد و پێویست ناکا ئێوە بیبەن و دوو مانگی دیکە وڵامی پزیشکی داد بۆ ئێوە دەنێرنەوە”.
یەکێکی دیکە لە نزیکەکەنای ڕەحمان ئەحمەدیان بە هەنگاوی وت: “ ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەی ڕەحمان دیار بووە و شان و ملی شین بووەتەوە”.
ڕەحمان ئەحمەدیان خەڵکی گوندی سیر حەیدەرلووی ئورمیە بووە و ڕۆژی ڕابردوو تەرمەکەی لە کەشێکی ئەمنیدا لە زێدەکەی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە