فەرەنسا بەم مەرجانە تاڵیبان بە فەرمی دەناسێت

فەرەنسا بەم مەرجانە تاڵیبان بە فەرمی دەناسێت

پەیامی کورد … فەرەنسا بەم مەرجانە تاڵیبان بە فەرمی دەناسێت

کۆماری فەرەنسا بە پێنج مەرج دان بە دەسەڵاتی نوێی ئەفغانستان دەنێت، کە بزووتنەوەی تاڵیبان بەڕێوەی دەبات.

دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد.

یان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، مەرجەکانی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە: ئەگەر تاڵیبان ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات، ئەوا دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەسەڵاتەکەی بە دەست دەهێنێت.

یان ئیڤ لۆدریان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سەرەڕای ئەوەی تاڵیبان ئەو مەرجانەی بە قسە قبوڵ کردووە، بەڵام تاوکو بە کردەوە نەیسەلمێنێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا بە دەسەڵاتەکەیدا نانێت.

مەرجەکان:

- رێگە بەو ئەفغانییانەی دەیانەوێ وڵاتەکەیان لە ترسی تاڵیبان بەجێ بهێڵن، بدات بچنە دەرەوە.

- رێگەنەدات ئەفغانستان ببێتە لانەیەکی ئارام بۆ تیرۆر.

- رێگە بە چوونی هاوکاریی مرۆیی بۆ سەر خاکی ئەفغانستان بدات.

- مافی مرۆڤ بە تایبەت مافی ژن بپارێزێت

- حکوومەتێکی کاتی پێکبهێنێت.

هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشایەوە، بەڵام پەلەی کردووە و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، کشێندراونەتەوە.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخێندرا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە