پەیامی کورد ... هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێـت و 72 گۆڕی بەكۆمەڵی دیكە لە سنووری شەنگال و دەوروبەری هەڵدەدرێـنەوە، بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش دەڵێ، قەرەبووی قوربانیانی دەستی تیرۆر و شەهیدانی شەڕی داعش دەكرێـتەوە.
بەرەڤان حەمدی، بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، ڕایگەیـاند: "هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێـزدی لە ناوچەی شەنگال و دەوربەری بەردەوامی هەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگیی حكوومەتی عێراق و ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، لیژنەی هەمانگی كاری پێك هێناوە، كە لە 15/3/2019 یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵی كوردانی ئێـزدی لە گوندی كۆچۆ هەڵدایەوە و 30 رووفاتی لە خـۆ گرت، دوای پشكنینی DNA سامپڵی كەس وكاری قوربانیان لە تاقیگە و پزیشكی دادوەریی بەغدا، 20 لە رووفاتەكان كەسوكاریان دۆزرایەوە و 10 رووفاتی تر لە پزیشكی دادی ماون".
حەمدی گووتیشی: "قۆناغی دووەمی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێـزدی بەردەوام دەبێـت و لەم مانگەدا لیژنەی نەتەوەیەكگرتووەكان و وەزارەتی شەهیدانی عێراق و هەرێم 72گۆڕی بەكۆمەڵی تر لە گوندی كۆچۆ و سنووری شەنگال هەڵدەدەنەوە، كە لە ڕێگای وەرگرتنی هێڵتس لە كەسوكاری قوربانیان و پشكنینی DNA بۆ رووفاتەكان، دوای بەراوردكرن و توێژینەوە، كەسوكارەكانیان دەدۆزرێنەوە".
دەشڵێ: "لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی عێراق لەسەر هێڵین بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان بە شەهیدانی شەڕی داعشیشەوە، كە لە ڕێگای لیژنە پەیوەندیدارەكان بەپێی یاسای ژمارە 20ـی عێراق كار لەسەر ئەوە دەكرێـت شایستە داراییەكانی كەس وكاری قوربانیانی دەستی تیرۆر بدرێــت، بۆ ئەم پرسەیش لە گفتوگۆداین و دوای پێكهێنانی لیژنەیەك سـەردانی بەغدا دەكەین".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە