پەیامی کورد… شاخەوان عەبدوڵڵا: هێرشەكانی داعش پیلانی بە عەرەبكردنی ناوچە کێشە لەسەرەکانە
شاخەوان عەبدوڵڵا پاڵێوراوی سەركەوتووی پارتی لە كەركوك دەڵێت، هێرشی چەكدارانی داعش لەناوچە كێشە لەسەرەكان تەنها پەیوەندی بە بۆشایی ئەمنییەوە نییە و بە پیلان ئەو بۆشاییە ئەمنییە دروست كراوە، ئەوەش دوای شكستی لایەنێك لە هەڵبژاردن و ئامانج تەعریب كردنی ناوچە كوردیەكانە.
شاخەوان عەبدوڵڵا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە زیادبوونی هێرشەكانی داعش وتویەتەتی، بابەتەكە لە رووداوێكی ئەمنی گەورەترە و ئەوان تەنیا وەك هێرشێكی داعش تەماشای ناكەن، بەڵكو وردەكارییەكەی ئەوەیە هێرشەكان لەدوای هەڵبژاردنەكان هەڵگەڕاونەتەوە و روویان لە ناوچە كوردستانییەكان و سنووری پێشمەرگە كردووە.
پێشی وایە، لە دوای شكستی لایەنێكی سیاسی عیراقی بە دوو شێواز كار لەسەر چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكان دەكرێت، ئاراستەیەك لە رێگەی تەعریب كردن و ئەو عەرەبانەی بەعسی بوون و زەوی كوردیان پێدراوە كراونەتە حەشدی شەعبی و ئێستا دێن و بڕیار دەدەن زەوییەكانی كورد داگیربكەنەوە، ئەو گوندانەشی كەوتونەتە نێو بۆشایی ئەمنییەوە لەلایەن داعشەوە هەڕەشەیان لەسەرە، هەردوو مەبەستەكەش تەنیا چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكانە.
ئەو پاڵێوراوە سەركەوتووە ئاماژەی بەوەشداوە، بە پیلان بۆشایی ئەمنی بۆ چەكدارانی داعش دروستكراوە، هەلیان بۆ دەڕەخسێنن تاوەكو بێن و هێرش بكەن دواتریش دەگەڕێنەوە، راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بەشێكە لە پیلانی بە عەرەبكردنی ئەو ناوچانە، تاوانی ئەو لە تاوانی داعش كەمتر نییە كە گوندەكان داگیر دەكات، هەردوكیان مەبەستیان دەركردنی كوردە لە ناوچەكە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە