سەرۆکوەزیرانی وڵاتی هایتی پاش تێپەڕبوونی چەندین هەفتەیەک بەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی، ناچاربوو نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی رابگەیەنێت.
ئاریاڵ هێنری، سەرۆکوەزیرانی هایتی لەژێر گوشاری مافیاکانی وڵاتەکەیدا و پاش چەند هەفتەیەک لە هەڵگیرسانی شەڕ و گرژییەکان لە پۆرتۆ پرینس-ی پایتەختی وڵاتەکەی، دواجار لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ئاشكراکرد و داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد کە هێمن بن و کاردانەوەی توندیان نەبێت.
هێنری لە پەیامە ڤیدیۆیەکەیدا دەڵێت، “ئەو حکومەتەی من رابەرایەتیم دەکرد، لەمڕۆ بەدواوە دێتە خوارەوە و دەسەڵات بۆ ئەنجوومەنێکی کاتی دەگوازرێتەوە”.
ئاریاڵ هێنری لە ساڵی 2021، پاش کوژرانی جوڤنێڵ مۆیز-ی سەرۆکی هایتی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەستبەکاربوو، لەو ماوەیەدا چەندین جار بەبیانووی ‘نالەباریی ئاسایش” هەڵبژاردنی لە وڵاتە دواخستووە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک گرووپی مافیایی ئەو وڵاتە بە چەکی قورسەوە هەڵیانکوتایە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لە پۆرتۆ پرینس-ی پایتەخت و دوو توانیان دوو زیندانی گەورەش بشكێنن، گرووپە چەکدارەکان داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی هەڵنەبژێردراویان دەکرد و پاش نزیکەی دوو هەفتە لە گرژی و ئاڵۆزییەکان، سەرەنجام سەرکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە دەسەڵات هاتە خوارەوە.
وڵاتەکەی دوورگەی کاریبی هاوسنووی وڵاتی دۆمنیکایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 11.5 ملیۆن کەسە، وڵاتەکە بەهۆی نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ،ململانێ سیاسییەکان و رووداوە سرووشتییەکان یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان.
بوومەلەرزەکەی ساڵی 2010ـی هایتی، بە یەکێک لە کارەساتبارترین بوومەلەرزەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، کە لەو ساڵەدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 200 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و بەشێکی زۆری بینا و باڵەخانەکانی ئەو وڵاتە خاپوور بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە