پەیامی کورد... چین بۆ ئەمریکا: هەڵەی زیاتر مەکەن
لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی نێوان پەکین و واشنتن، چین هۆشداریی توند دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە دەڵێت، «پێویستە واشنتن هەڵەی زیاتر نەکات».
وانگ ون تاو وەزیری بازرگانیی چین جەختدەکاتەوە لە پێویستیی ڕێگریکردنی ئەمریکا لە بەردەوامبوونی لەسەر هەڵەکانی دەڵێت، «پێویستە ئەمریکا هەڵەی زیاتر نەکات».
ئەو لێدوانەی وەزیری بازرگانیی چین لە کاتێکدایە، هەناردەی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ چین لە کۆمپانیای Nvidia قەدەغەکرا.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لێکردووە، هەناردەکردنی کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە زیرەکیی دەستکرد بۆ چین ڕابگرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە بەرپرسانی ئەمریکا نەیانشاردووەتەوە، کە مەترسی هەیە چین ئەو کەلوپەلانە لە دروستکردنی کەرەستەی جەنگی و لایەنی سەربازیدا بەکار بهێنێت.
تۆڕی CNN لەوبارەیەوە دەڵێت، بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارە کۆمپانیاکە بڕی 400 ملیۆن دۆلار لە کارەکەیدا لەدەستدەدات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە