پەیامی کورد … شەوی ڕابردوو لە تاران ئاگر لە بنکەیەکی سوپای پاسداران کەوتەوە
ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرایکرد، کە لە ڕۆژئاوای تاران ئاگر لە بنکەیەکی سوپای پاسداران کەوتووەتەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە بکرێت، نووسراوە کە ئەو بنکەیە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی سوپای پاسداران بووە.
سوپای پاسداران وتووشیەتی کە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە سێ کارمەندی ئەو بنکەیە برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەر شەوی ڕابردوو سوپای پاسداران ڕایگەیاند، کە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە خۆیان گەیاندووەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین بنکەی سەربازی و ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران وەک کەرەج و ئیسفەهان ئاگریان لێکەوتووەتەوە و زیانیان بەرکەوتووە.
کۆماری ئیسلامیش لە زۆربەی ئەو ڕووداوانەدا حکومەتی ئیسرائیلی بە بەرپرس زانیوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە