پەیامی کورد ... سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تا ئێستا لەسەر وردەكاری رێككەوتنە نەوتییەكە لەگەڵ بەغدا ڕێنەكەوتوون، هۆكارەكەشی بۆ كاربەڕێكەربوونی حكومەت لە بەغدا گەڕاندۆتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، هەرێم هێشتا دەستی نەكردووە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نوێی نەوت لەگەڵ بەغدا، چوونكە تا ئێستا لەگەڵ بەغدا لەسەر ووردەكاری رێكەوتنەكە ڕێنەكەوتوون.
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە واژوویان لەسەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بەغدا كردووە بەڵام لەسەر ووردەكارییەكانی رێكنەكەوتوون و ئێستاش بەغدا حكومەتی كاربەڕێكەری هەیە.
لە كۆتایی ساڵی رابردوو هەرێم و حكومەتی عێراق بە شێوەی سەرەتایی لەسەر ئەوە رێككەوتنی كە لە بەرامبەر رادەستكردنی داهاتی هەناردەكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ، بەغدا پشكی هەرێم لە بوودجە رەوانە بكات، بەڵام بە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و رەوانەنەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان هەولێر و بەغدا نەیانتوانی هەنگاوی زیاتر بنێن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە