پەیامی کورد … شەڕی تایفەیی لە کرماشان چەندین قوربانی لێکەوتەوە
پێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ماوەی چەند ڕۆژێکە کێشە و ناکۆکی لە نێوان دوو تایفەی "کویک و قەڵخانی" لە ناوچەی "داڵەهۆ"ی کرماشان سەری هەڵداوە و بەو هۆیەوە پێنج کەس کوژراون و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.
ناوچەی داڵەهۆی سەر بە شاری کرماشان، شوێنی نیشتەجێبوونی کوردە بە ئایین و ئایینزای جیاواز لە شیعە و سوننە و یارسان (کاکەیی) و سەدان ساڵە بێ هیچ گرفت و کێشەیەک پێکەوە دەژین.
باس لەوە دەکرێت ئەو کێشە و ناکۆکییە لەسەر زەویوزار بووە، پاش ئەو ڕووداوە سەید نەسرەدین حەیدەری ڕێبەری یارسان (کاکەیی)یەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای لە هەردوو لایەن کردووە کۆتایی بەو شەڕە بهێنن و ناکۆکییەکانیان وەلاوە بنێن.
ئەم شەڕ و ناکۆکییەی نێوان دوو تایفەی کویک و قەڵخانی لە ناوچەی داڵەهۆی کرماشان لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕێکەوتی ١٨ی٦ی٢٠٢١ سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بەڕێوە بچێت، هەندێک لە شارەزایان لەو باوەڕە دان کە ئەگەری هەیە ئەو ناکۆکییانە جیا لە پرسی زەویوزار لەسەر ململانێی هەڵبژاردنیش بێت.
لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران و بەتایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکاندا، زۆر جار لە نێوان تایفە و هۆزەکاندا کێشە و ناکۆکی ساز دەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە