پەیامی کورد... رووسیا رەتیدەکاتەوە 100 هەزار سەرباز و چەکداری یارمەتیدەری لە شەڕی ئۆکراینادا بووبنە قوربانی
حکومەتی رووسیا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن 100 هەزار رووسی و چەکداری یارمەتیدەری سوپای وڵاتەکەی لە ئۆکراینا کوژرابن و برینداربووبن.
لەمبارەیەوە دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا لە مۆسکۆ رایگەیاند، ئەو ئامارانەی کە ئەمریکا لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداربوونی سەربازانی رووسی و چەکداری یارمەتیدەری لە شەڕی ئۆکراینا بڵاویکردوونەتەوە "نادروستن"؛ گوتیشی، "واشنتن بەهیچ شێوەیەک زانیاری راست بڵاوناکاتەوە."
ناوبراو وتیشی، "تەنیا سەرچاوەی باوەڕپێکراو کە ئاماری کوژراو و برینداران بڵاوبکاتەوە، وەزارەتی بەرگریی رووسیایە."
دوایین جار کە وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماری کوژراو و برینداربووانی سەربازی رووسی لە شەڕی ئۆکراینا بڵاوکردبێتەوە تەممووزی رابردوو بوو.
جێی باسە ئەوەش لەکاتێکدایە، 01ی ئایاری 2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە واشنتن رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە زیاتر لە 100 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری یارمەتیدەری کە زۆربەیان چەکداری گرووپی ڤاگنەر بوون کوژراون و برینداربوون.
هەروەها کێربی رایگەیاند، لەو ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری یارمەتیدەری کوژراون؛ 80 هەزاری دیکەش برینداربوون. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ئامارە نوێیانە لەلایەن دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بەدەستهێنراون.
هاوكات لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداربووانی سەربازانی ئۆکراینی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان ئاماری سەربازی کوژراو و برینداری ئۆکراینا بڵاوناکەنەوە، چونکە "ئەوان قوربانی ئەو جەنگەن و رووسیا هێرشکارە. کۆشکی سپی هیچ زانیارییەک ئاشکرا ناکات کە ئەرکی هاوپەیمانەکەمان زەحمەتر بکات."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە