بەپەلە ... قوباد تاڵەبانی ... سلێمانی جێگای شانازییە و هیچ لایەنێک بە تەنیا ناتوانێ حوکمڕانی هەموو کوردستان بکات

بەپەلە  ...   قوباد تاڵەبانی  ...  سلێمانی جێگای شانازییە و هیچ لایەنێک بە تەنیا ناتوانێ حوکمڕانی هەموو کوردستان بکات

پەیامی کورد  ...    جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشی گەورەی ئاڵۆزییەکانی پێکهێنانی ئەم کابینەیە پەیوەندی بە تەرجەمکردنی بەرکەوتەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، دەشڵێت، "خوێندنەوەی دروستی ئەنجامەکان ئەوەی پێوتین هیچ لایەک ناتوانێت بەتەنها حوکمڕانی هەموو کوردستان بکات".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکدا لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی رایگەیاند، "سلێمانی شایستەی چەندەها بۆنە و دیداری لەشێوەی  گەلاوێژە و دەبێت دان بەو راستیەدا بنێین کە تا ئێستا وەک پێویستە لەمبارەیەوە مافی خۆی وەرنەگرتوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کوردستانی باشووردا سلێمانی لە چەندین ڕووەوە پێشەنگ بووە، لانکەی یەکەم حوکمڕانی کوردی یەکەم ڕۆژنامە، یەکەم ڕاپەڕینی جەماوەری و یەکەم چاپخانە و یەکەم زانکۆ بووە، ئەمەش مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئەم شارە".

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، "یەکێک لە جوانییەکانی گەلاوێژ لە سلێمانیدا، جیاوازی ڕەنگاو ڕەنگییە، کردنەوەی دەرگای ڕەخنە و بەخۆداچوونەوەیە کە پێموایە دەبێت ئەو سیفەتانە لەکایەی کەلتور و رۆشنبیریەوە بگوازرێتەوە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، جیاواز و رەخنە چەندە گرینگە هێندەی بەکارهێنانی دروست و شێوازی مامەڵە لەگەڵکردنیان گرنگترە، دەبێت وریا بین جیاوازی پەلکێشمان نەکات بۆ پاشاگەردانی و هەرکەس بۆخۆی، رەخنە نەکەینە پاساوێک بۆ یەکتر شکاندن و بڵاوکردنەوەی رق و کین".

لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت قوباد تاڵەبانی وتی، "شەش مانگ و نیو هەڵبژاردن کراوە رەخنەی زۆر دەگیرێت لەدواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ئەم رەخنەیە کە لە دڵسۆزییەوەیە لە جێی خۆیەتی، بەڵام هەندێک وردەکاری هەن شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنن".

ڕوونیشیکردەوە، "دۆخی سیاسی ئێمە ڕووبەڕووی دوو ڕاستی بووەتەوە، کە یەکێکیان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە دووهەمیشیان پێگە و کاریگەری و تایبەتمەندی هێزە براوەکانە، لەبەرچاوگرتنی ئەو تایبەتمەندیانە هیچ بەمانای سفرکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نایەت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بەشی گەورەی ئاڵۆزییەکانی پێکهێنانی ئەم کابینەیە پەیوەندی بە تەرجەمکردنی بەرکەوتەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، چونکە خوێندنەوەی درووستی ئەنجامەکان ئەوەی پێوتین هیچ لایەک ناتوانێت بەتەنها حوکمڕانی هەموو کوردستان بکات".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش وت، "کورد پەندێکی جوانی هەیە دەڵێت، دروبڕ دروست بڕۆ، وردکردنەوەی شەراکەت و هاوبەشی لە بڕیاری حوکمڕانی هەر لەو ڕەهەندەوەیە، لە پێناوی ئەوەیە بنەمایەکی بەهێز بۆ کابینەی داهاتو دابڕێژرێت، کە قابیلی تەواوکردنی وادەی تەمەنی دیاریکراوی خۆی بێت، لە پێناو گەیشتن بەو دڵنیاییەش ئێمە پەلەمان نییە لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەو پایە، کە دواتر بەریەککەوتنی بەدوادا بێت و تووشی گرژی و قەیرانەکانی ڕابردوومان بکاتەوە".

تاڵەبانی زیاتر وتیشی، "زۆر پەلەین لەبەرنامە دانان بۆ حوکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو، دەبێت لەوە تێبگەین تا زوو بگەینە رێککەوتن باشترە، چونکە کێشەی زۆر گەورەمان لە پێشەوەیە، کاتمان ئەوەندە نیە تا لە ناکۆکیدا بەفیڕۆی بدەین، جگە لە رێککەوتن و پێکەوە کارکردن هیچ بژاردەیەکی ترەمان نیە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە