لاوێکی کوردی یارسانی لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی دەزگای ئێستێخباراتی هەمەدان کوژراوە و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە نابێت ئەم هەواڵە میدیایی بکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو " ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ " ، لاوێکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یاری " کاکەیی " بەناوی ”ڕامین حسێنی“ لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی دەزگای ئێستێخباراتی هەمەدان کوژراوە.
ڕامین حسێنی ناسراو بە ڕامین موشەعشەعی خەڵکی گوندی ”قوڵقوڵ“ سەر بە شاری تۆیسرکانی پارێزگای هەمەدان و لە بنەماڵەیەکی ئاییینی و لە نەوەکانی نیزامەدین موشەعشەعی کە یەکێک بووە لە گەورەکانی ئاییینی یارسان، بووە.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕامین " فێبریوەری ٢٠١٨ " لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئێستێخباراتی تۆیسرکان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ ئایینی یاری دەستبەسەر و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئێستێخباراتی هەمەدان گوازراوەتەوە.
ناوبراو دوای ٨ مانگ لە دەستبەسەر بوون سەرئەنجام ڕۆژی سێشەممە لە ژێر ئەشکەنجە کوژراوە و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و دەزگای ئێستێخبارات هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە نابێت بە هیچ شیوەیەک ئەو هەواڵە میدیایی بێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە