فرۆشتنی چەكی ئەمریكا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات

فرۆشتنی چەكی ئەمریكا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات

پەیامی کورد... فرۆشتنی چەكی ئەمریكا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، فرۆشتنی كەلوپەلی سەربازی وڵاتەكەی بە حكومەتە بیانییەكان لە ساڵی (2023) دا بە ڕێژەی لە (16%) بەرزبۆتەوە، بە جۆرێك بەهاكەی گەیشتۆتە (238) ملیار دۆلار كە ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەییە، ئەمە لە كاتێكدایە كە وڵاتەكە بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی چەك و كەلوپەلی سەربازی زیاتر تاوەكو ئامادە بێت بۆ ململانێی گەورەو كەم نەبوونەوەی كۆگاكانی بەهۆی ناردنی چەك و كەلوپەلی سەربازییەوە بۆ ئۆكرانیا.

كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چەكی (لۆكهید مارتن و جەنەڕاڵ داینامیكس و نۆرپرۆپ گروممان) فرۆشییەكی گەورەترییان هەبووە، پشكی ئەم كۆمپانیایانە لە كاتی ناجێگیری جیهانیدا زیاتر دەبێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا وتی: فرۆشتنی چەك و گواستنەوەیان وەكو ئامرازێكی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا سەیر دەكرێت كە كاریگەری درێژخایەنی لەسەر ئاسایشی ناوچەكەو جیهان هەیە.

هەندێك لە فرۆشییەكانی ساڵی (2023) بریتی بوون لە فرۆشتنی سیستەمی موشەكی هیمارس بە پۆڵەندا بە بەهای (10) ملیار دۆلار، فرۆشتنی سیستەمی موشەكی پێشكەوتووی ئاسمان بۆ ئاسمان بە ئەڵمانیا بە بەهای (2.9) ملیار دۆلار، فرۆشتنی سیستەمە پێشكەوتووەكانی موشەكی زەوی بۆ ئاسمان بە ئۆكرانیا.

كۆمپانیای (لۆكهید) سیستەمی هیمارس دروست دەكات، كۆمپانیای ئاڕ تی ئێكسیش كە پێشتر بە ڕایپیۆن ناسرا بوو سیستەمی موشەكی پێشكەوتووی ئاسمان بۆ ئاسمان دروست دەكات و كۆنگسبێرگی نەرویجیش سیستەمی بەرگری موشەكی ناسامس دروست دەكات.

پێشبینی دەكرێت كۆمپانیاكانی (لۆكهید مارتن و جەنەڕاڵ داینامیكس) سەدان هەزاران تەقەمەنی تۆپهاوێژو سەدان سیستەمی بەرگری موشەكی پاتریۆت بفرۆشن، هەروەها داواكردنی ئۆتۆمبێلی زریپۆشیش زیادیكردووەو ئەوەش فرۆشییەكانیان لە چەند مانگی داهاتوودا زیاتر دەكات.

دوو ڕێگەی سەرەكی هەن بۆ حكومەتە بیانییەكان تاوەكو چەك لە كۆمپانیا ئەمریكاییەكان بكڕن: لە ڕێگەی بازرگانی ڕاستەوخۆوە كە تێیدا حكومەتە بیانییەكە لەگەڵ كۆمپانیاكە خۆیدا گفتوگۆ دەكات، یاخود لە ڕێی فرۆشی سەربازی بیانییەوە كە تێیدا حكومەتێك پەیوەندی بە بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاوە دەكات لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە پایتەختەكەی ئەو وڵاتەدا، هەردوو ڕێگاكە پێویستی بە ڕەزامەندی حكومەتی ئەمریكا هەیە.

لەساڵی دارایی (2023) دا فرۆشییە سەربازییە ڕاستەوخۆكانی كۆمپانیا ئەمریكاییەكان بۆ (157.5) ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، لە ساڵی (2022) دا فرۆشییەكانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان (153.6) ملیار دۆلار بووە. هاوكات ئەو فرۆشییانەش كە لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە ڕێكخرابوون لە ساڵی (2023) دا بەرزبۆتەوە بۆ (89.9) ملیار دۆلار، لە ساڵی (2022) دا فرۆشییەكان لەو ڕێیەوە (51.9) ملیار دۆلار بووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە