پەیامی کورد … سێ هاووڵاتیی کورد لە کرماشان لەسێدارە دران
نزیک مانگێک لەمەوبەر لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بە بێ هیچ جۆرە ئاگاداری و ڕاگەیاندنێک لە سێدارە دراون.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٥ی ژانویەی ٢٠٢١)، سێ هاووڵاتیی کورد کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لە سێدارەدانیان بۆ بڕابووەوە، سزاکەیان لەسەر جێبەجێ کراوە.
ئەم سێ هاووڵاتییە "هووشەنگ محەمەدی"، "ئەلی ئەنگەزی" و "جەواد مونتەزیریان" ناویان بووە و هەرسێکیان بە تۆمەتی کوژرانی کەسانی تر دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بۆ بڕابووەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی ئەنگەزی تەمەنی پەنجا ساڵ و خەڵکی گوندی ئەنگەزی سەر بە ناوچەی درود و فەرامانی کرماشان بووە و لە یازدە ساڵ لەمەوبەرەوە لە بەندیخانە بووە و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
هەروەها، هووشەنگ محەمەدی تەمەنی ٤١ ساڵ و خەڵکی گوندی سەخری سەر بە شارۆچکەی فیرووزئاباد بووە و لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە بە تۆمەتی کوشتن لە بەندیخانە بووە.
کەسی سێهەمیش کە هەر ئەو ڕۆژە لە سێدارە دراوە، جەواد مونتەزریان تەمەنی ٤٠ ساڵ و خەلکی کرماشان بووە. ناوبراو لە پێنج ساڵ لەمەوبەرەوە لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان لە بەندکرابوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە