ئێران مانۆری سەربازی لە كەنداو ئەنجامدا

ئێران مانۆری سەربازی لە كەنداو ئەنجامدا

پەیامی کورد... ئێران مانۆری سەربازی لە كەنداو ئەنجامدا


میدیای ئێران بڵاویكردۆتەوە، سوپای پاسداران مانۆڕی دەریایی لە نزیك دوورگە ستراتیژییەكانی كەنداو، كە لەلایەن ئێرانەوە كۆنترۆڵكراون و ئیمارات بە هی خۆی دەزانێت، دەستپێكردووە.

ئەو مانۆڕانەی كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە نزیك دوورگەی ئەبو موسا بەڕێوە دەچوون، دوای دوو هەفتە هات كە ئەمریكا بوونی هێزی دەریایی خۆی لە كەنداودا بەهێزكرد، تا ئێستا ڕوون نەبۆتەوە كە ڕاهێنانەكان چەند دەخایەنن.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران ئێرنا دەڵێت، مانۆڕی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ‌ بۆ بەرگری لە دوورگەكانی ئێران لە كەنداوی فارس دەستیپێكرد.

ئاژانسەكە لە زاری (عەلی ئۆزماعی) فەرماندەی هێزی دەریایی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، مەشقەكان لە دوورگەی ئەبو موساو تونبی گەورەو بچووك ئەنجامدراون.

ئەو سێ دوورگەیە دەكەونە نزیك تەنگەی هورمز، كە ڕێڕەوێكی دەریایی گرنگە لە نێوان كەنداوو زەریا كە یەك لەسەر پێنجی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ دەیان ساڵە سەرچاوەی ململانێی نێوان ئیمارات و ئێران بوون.

مانگی ڕابردوو ئێران باڵیۆزی ڕووسیای لە تاران بانگ كرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر بەیاننامەیەكی حكومەتەكانی وڵاتانی كەنداوو مۆسكۆ كە تیایدا بانگەشەی تاران بۆ خاوەندارێتی ئەو دوورگانە ڕەتدەكاتەوە.

ئێرنا ڕایگەیاند، كە كەشتییە دەریاییەكانی بە سیستەمی مووشەكی كرۆز قەدیرو مووشەكی بالیستی فەتح (360) ئامادەكراون.

مانگی ڕابردوو سوپای ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، فڕۆكەی جەنگی (ئێف 16) ڕەوانەی كەنداوی فارس دەكات، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ بەهێزكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی (A-10) ی ئەمریكا بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتییەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

لە مانگی رابردوو ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، دوو هەوڵی هێزی دەریایی ئێرانیان پوچەڵكردۆتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی تانكەری بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی دەریای عوماندا، كە لە حاڵەتێكیاندا ئێرانییەكان تەقەیان لە تانكەرەكە كردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە