پەیامی کورد... ژمارەی دەستبەسەر کراوانی دوو حەوتووی ڕابردووی ڕۆژهەڵات گەیشتە ٦٧ کەس
ژمارەی دەستبەسەر کراوانی ئەم دوایییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی لە زیاد بوونەوە و لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەی مامناوەند ڕۆژانە ٥ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە ٣٠ بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢١) هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کرانی سێ هاووڵاتیی دیکە لە پیرانشار، هاووڵاتییەکیش بە ناوی "پشتیوان نەبی زەرگتەن" کە تەمەنی ٣٧ ساڵە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شاروە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندان (٢١ی ژانویە)، هاووڵاتییەکی بۆکانی بە ناوی "مەحیەدین شامە" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ڕۆژی سێشەممە لە بۆکان لانی کەم ١٩ هاووڵاتیی دیکەش دەستبەسەر کرابوون.
تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو دو هاووڵاتییە کوردە و شوێنی ڕاگیرانیان ئاشکرا نەبووە.
ڕۆژی ڕابردووش، هاووڵاتییەکی سەقزی بە ناوی "عەتا(شەماڵ) رەحمانزادە" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەقزەوە دەستبەسەر کرابوو.
بەم پێیە، بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لانی کەم ٦٧ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان، مهاباد، نەغەدە، ڕەبەت، پیرانشار، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، کەلاتەرزان، سەوڵاوا و کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا پێنج کەسیان ئازاد کراون و ٦٢ کەسی دیکەشیان هەر وا دەستبەسەرن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە