لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کۆڵبەرێک کوژرا و ١٤ کۆڵبەریش بریندار بوون

لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کۆڵبەرێک کوژرا و ١٤ کۆڵبەریش بریندار بوون

پەیامی کورد... لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کۆڵبەرێک کوژرا و ١٤ کۆڵبەریش بریندار بوون


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ شەوی سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی ئازاد ستارپەناە، تەمەن ٤٣ ساڵ، خەڵکی گوندی "دەرەزیارەتی سەروو"ی سەر بە شاری سەقز و باوکی دوو منداڵ، کوژراوە.

هاوکات ٣ کۆڵبەری دیکەی خەڵکی گوندی "دەرەپەنبەدان"ی سەر بە شاری سەقز بە ناوەکانی ناسر ئەحمەدی، موسلیم ئەحمەدی و سەراجەدین و هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری بانە بە ناوی محەممەدئەمین، بە تەقەی ئەو هێزانە بەسەختی بریندار بوون و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراونەتەوە. ئەم کۆڵبەرە بە دوو گوللەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت پێکراوە.

لە لایەکی دیکەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانی کەم ٦ کۆڵبەری خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بریندار بوون. سک و کەمەر و دەستی ئەم کۆڵبەرانە بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراون و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە گواستراونەتەوە.

شایانی باسە ناسنامە دوو کەس لەو کۆڵبەرانە یەکیان بە ناوی سامان عەزیزی و ئەوی دیکەیان بە ناوبانگی بەهرامی (هێشتا ناوەکەی بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە) ئاشکرا کراوە کە ئەم کۆڵبەرە بریندارانە ڤیدیۆیەکیان لەو نەخۆشخانەیە بڵاو کراوەتەوە، هەنگاو خەریکی بەدواداچوون بۆ ناسنامەی ئەو ٤ کۆڵبەرەکەی دیکە و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر جۆرە زانیارییەک ڕای گشتی لێی ئاگادار دەکاتەوە.

هەروەها هەمان ڕۆژ لە سنووری شاری نەوسوود، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی "تین"ی سەر بە شاردێی باینگان و بە ناوی تەیب خەسرەوی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە درایە بەر خڕکەبەرد و بەو هۆیەوە سەر و پەراسووی شکاوە. باس لەوە دەکرێت کە باری جەستەییی ئەم کۆڵبەرە زۆر نالەبار و ناجێگیرە.

هەر لە درێژەی ئەم تاوانانە بە دژی کۆڵبەران، بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێکی دیکەی بەناوی موبین (ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نییە)، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری نۆدشە، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەرکردنی پزیشکی، بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە. ئەو کۆڵبەرە مێرمنداڵە بە چەکی کڵاشینکۆف لێی دراوە و پێکراوە.

هەر لە درێژەی دەستڕێژیی بەئەنقەست و ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەران، ڕۆژی دووشەممە، ١۵ی خەزەڵوەریش لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دیسان کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی سەمیع خەلیلی و خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە مەودایەکی نزیکەوە پێکراوە و بەسەختی بریندار بووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە