ئەمساڵ نزیکەی چوار ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

ئەمساڵ نزیکەی چوار ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد... ئەمساڵ نزیکەی چوار ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان


بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو سەرەتای مانگی ئاب، سێ ملیۆن و ٧٧٩ هەزار و ٦٥٦ گەشتیار بە مەبەستی گەشتیاری هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.


فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێم (١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢) دەڵێت، بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا، واتە لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکوو ١ی ئابی ٢٠٢٢، سێ ملیۆن و ٧٧٩ هەزار و ٦٥٦ گەشتیار لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەشتیاری هاتوونەتە هەرێمی کوردستان."


دەشڵێت، "ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن زیاتر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن بە شێوەیەک ٨٥٪ ی گەشتیاران پێک دەهێنن وە ئەوانی تر گەشتیاری بیانین و لە وڵاتانی دیکەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان دەکەن کە ڕێژەکەیان نزیکەی ١٥٪ی گەشتیارانن".


باسی لەوەشکردووە کە "بەرنامە و پلانی داهاتووی حکومەتی هەرێمیش ئەوەیە کە کار لەسەر ئەوە بکرێت پرۆژە گەشتیارییەکان زیاتر و جۆراوجۆر بکرێن تاکوو سەرنجی گەشتیاران زیاتر بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەتی گەشتیاری بیانی."



پلانێکی هەشت ساڵە بۆ کەرتی گەشتیاری دانراوە

سەبارەت بە بەرنامە و کار و پرۆژەکانی داهاتوو لە ڕووی گەشتیارییەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا کە یەکێک لە تەوەرەکانی باسکردن بوو لە سێکتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و لە لایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێکی ١٧ خاڵی پێشکەش کرا، و دواتر تیشکخرایە سەر دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی دێنە بەردەم کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کرد بۆ هەماهەنگیکردن بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، بەرمەبنای ئەو کۆبوونەوەیە دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلانێکی هەشت ساڵەی ئامادە کردووە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار و زیادکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەو بوارەدا بۆ نموونە دروستکردنی تاوەری گەشتیاری و پارک و تەلەفریک و کردنەوەی شوێنی کولتووری لە شارەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەی وەرزشی و ئەکواریۆم و باخچەی ئاژەڵان و هۆڵی سینەمایی گەورە و ئەنجامدانی ئیڤێنت و کۆنفرانسی جیاواز و تایبەت بە گەشتیاری و کردنەوەی پێشانگای گەشتیاری تا لە ڕێگای ئەوانەوە ئەم کەرتە ببووژێتەوە.


نزیکەی سێ هەزار بنکە و شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەیە
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گشتی گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار شوێن و بنکەی گەشتیاریمان هەیە کە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن، ئەم شوێنانە چالاکی جیاوازی لێ ئەنجام دەدرێت بەهۆی ئەوەی وەرزی گەشتیاری هاوینەمان هەیە کە گەشتیارەکان ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن هەروەها گەشتیاری زستانەشمان هەیە کە چەندین چالاکی جیاواز پێشکەش دەکرێت وەکوو ئەو یاریانەی لەسەر بەفر ئەنجام دەدرێت کە ساڵانە فێستیڤاڵی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە