پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان 25 ملیۆن دۆلار بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە تەرخان دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان پاکێجی هاوکاری لە سووریا دابەش دەکات و بڕی 25 ملیۆن دۆلاریش تەرخان دەکات بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکان، ژمارەیەک خۆبەخشن لە شاری لازقیەی باکووری رۆژئاوای سووریا خۆراک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ئامادەدەکەن و بە ئۆتۆمبێل دابەشی دەکەن.
رەجا سوڵتان، یەکێک لە خۆبەخشەکانە و دەڵێ "ئێمە، نزیکەی 100 ژەم خۆراک ئامادە دەکەین. زیاتر فاسۆلیا و ساوەر و مریشکە. ئێمە هەندێک هاوکاریمان پێشکێش کردووە ئەگەرچی لەوانەیە کەمیش بێت. جل و پێڵاو لەنێو هاوکارییەکاندا هەن. خودا بمانهێڵێت لە رۆژانی داهاتوودا هاوکاریی زیاتر پێشکێش دەکەین".
هاوكات لە هۆڵێکی لەشجوانی شارەکە، خاوەنەکەی، دەرگای بۆ نزیکەی 25 خێزان کردووەتەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دەربەدەربوون و خۆبەخشەکانیش ژەمەخۆراکیان بۆ دەبەن.
لەمبارەیەوە عەبدلوستار، راهێنەری لەشجوانی دەڵێ "کاتێک بوومەلەرزەکە روویدا بە ترسەوە خەبەرمان بووەوە و چووینە دەرەوە، لەکاتێکدا کەش زۆر سارد بوو. سوپاس بۆ خوا لە نهۆمی زەوینی بووین، چووین لە یارگایەک خەوتین. من خاوەنی هۆڵێکی لەشجوانیم، ئێستا دەرگاکەم بە رووی 25 خێزاندا کردووەتەوە، لەو رۆژەوەی بوومەلەرزەکە روویداوە لێرە دەژین. سوپاس بۆ ئەم کەسە باشانەش کە ژەمە خۆراکیان پێشکێش دەکەن".
بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لازقیەی سووریا 12 خانوو تەختی زەوی بوون و 41 خانووش زیانیان بەرکەوتووە. لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. لە حەلەب 2 ملیۆن کەس، لە حەما 1.3 ملیۆن کەس، لە لازقییە 1.2 ملیۆن کەس، لە حومس، 963 هەزار کەس، لە تەرتووسیش 522 هەزار کەس، زیانیان بەرکەوتووە.
جێی باسە تائێستا نەتەوە یەکگرتوەکان 9 هەزار و 800 پاکێجی هاوکاریی لە سووریا دابەشکردووە. رۆژی دووشەمەی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، 25 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوانی سووریا تەرخان دەکات. لە کاتێکدا هەفتەی پێشوو 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەمان مەبەست بۆ تورکیا و سووریا تەرخانکردبوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە