پەیامی کورد... فراکسیۆنی پارتی: قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەنفال ئەرکێکی دەستوورییە
فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ٣٤ەمین ساڵوەگەڕی تاوانی بەدناوی ئەنفال، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەم تاوانەی بە» ئەرکێکی دەستووری و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقی «لە قەڵەم دا.
هەر لەو پەیامەدا ئاماژە بەوە دراوە:» بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەکەینەوە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدرا و لە ئاکامی ئەو تاوانەشدا، هەزاران هاونیشتمانیی سڤیل کۆمەڵکوژ و بە دەیان هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، کۆچی زۆرەملێیان پێ کرا و بە سەدان گوندی کوردستانیش خاپوور کران «.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە تاوانی ئەنفال، یەکێکە لەو تاوانە مەزنانەی لە سەدەی ڕابردوودا لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە، ئەمەش» بەڵگەیە بۆ خوێنمژی و دڕندەیی ڕژێمی لەناوچووی بەعس و پێشێلکردنی تەواوی بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەهاکانی مرۆڤایەتی «.
فراکسیۆنی پارتی لەم یادە دڵتەزێنەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان دا دەنوێنێت و ئومێدیش دەخوازێت، حکومەتی فیدراڵی وەکوو ئەرکێکی دەستووری و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقی،» هەنگاوی جددی بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیانی ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییانە بنێت کە دەر حەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون «.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە