پەیامی کورد... لەبارەی پارەی خزمەتگوزارییەوە پارێزگاری هەولێر هۆشداریدایە کۆمپانیاکان
پارێزگاری هەولێر: هەر کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی یەکەکانی نیشتەجێبوون پابەند نەبێت بەو نرخەی کە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە دیاریکراوە، بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی سزایی یاسایی و پێ بژاردن دەبێتەوە.
ئەم قسانەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە میانەی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بوو، ئەمڕۆ یەکشەممە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆکردن لە نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە لەلایەن لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە پارێزگای هەولێر دیاریکراوە، پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لە پابەندبوونی خاوەن پرۆژە و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی یەکەکانی نیشتەجێبوون کردەوە بە بڕیارەکانی پارێزگای هەولێر لە دیاریکردنی نرخی خزمەتگوزاری یەکە و شارەکانی نیشتەجێبوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگار، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و دەسبەرکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە نرخی خزمەتگوزاری یەکەکانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکان لە پارێزگای هەولێر نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی دیاریکرد و لە لیستێکدا نرخی خزمەتگوزارییەکان بەگشتی ڕاگەیاند.
ئاماژە بەوە کراوە، دوای ماوەیەک لە پابەندن بوون، لە ئێستادا بەشێک لە کۆمپانیاکان بە بیانووی جۆراوجۆر دەستیان کردووە بە گرانکردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان لەسەر هاووڵاتییان و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نادرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە