پەیامی کورد ... سەرۆکى هەرێمى کوردستان: گەلى کوردستان بە ڕێزەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانى لەگەڵ میسر دەڕوانێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی نوێی میسڕ لە هەولێر کۆبوونەوە و نێچیرڤان بارزانیش رایگەیاند، گەلی کوردستان بەڕێزەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ میسر دەڕوانێت.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 4/11/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە موحەمەد وەجیهـ حیجازى، کونسولى تازەى میسر لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە کونسولى تازەى میسر لە هەرێمى کوردستان کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ میسر دووپات کردەوە و ئاماژەى بەوە دا کە گەلى کوردستان بە ڕێزەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانى لەگەڵ میسر دەڕوانێت و تیشکى خستەر سەر ڕۆڵ و پێگەى میسر لە ناوچەکە.
لاى خۆیەوە کونسولى تازەى میسر، سوپاسى گەل و سەرکردایەتی هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئەو پێشوازی و پشتیوانییەى لە کونسولخانە و کارەکانى لە هەرێمى کوردستان دەکرێت و ڕێز و پێزانینى ووڵاتەکەى بۆ پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بۆ ڕۆڵى پێشمەرگە لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشکاندنى داعش دەربڕى و خواستى ووڵاتەکەى بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى ئابوورى و کولتووریدا دووپات کردەوە.
زیادکردنى گەشتى ئاسمانی ڕاستەوخۆى هەولێر ـ قاهیرە بۆ چوار گەشتى هەفتانە، دەرفەتى خوێندن بۆ قوتابیانى کوردستان لە زانکۆکانى میسر، ڕۆڵى ئەلئەزهەر لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان بۆ کەرتى تایبەت و وەبەرهێنەرە میسرییەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، مەترسیى تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەى و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە