ڕاگەێندراوێک لە لایەن ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە

ڕاگەێندراوێک لە لایەن ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە

پەیامی کورد     ...   ڕاگەێندراوێک لە لایەن ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە

پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە کوردستانییان دەکات و دوو داواکاری ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگا دەکات.

دەقی راگەێندراوەکەی ئومێد خۆشناو:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2721ی كوردی، پیرۆزبایی لە کوردستانیانی خۆشەویست بەگشتی و پارێزگای هەولێر بەتایبەتی و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین و هیوادارین لە سەرەتای دەستپێکی بەهاری ئەمساڵ لە كەشێكی خۆش و بەهاری و لەسایەی ئەو ئارامیەی لەکوردستاندا بەرقەرارە، سەیران و خۆشیەكانتان بەڕێوەببەن و نەورۆزی جەژنی خۆڕاگری و بەرخودان و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری، ببێتە مایەی کامەرانی و ئاشتی و کۆتایی هاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستان.

بەداخەوە، ئەگەرچی لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤیرووسی کۆرونا و ئەو بارودۆخە نالەبارەی تەندروستی دووچاری هاتووین، ئازیزانێکی زۆرمان لەدەستداوە، وێڕای سەرەخۆشیمان لە کەس و کاری قوربانیان، داواکارین لە سەرجەم هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان و هەموو لایەك وەك ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەوپەری هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و ئازیزانییان، پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و ڕێکارەکانی خۆپارێزبن، ئێمەش وەکوو ئیدارەی خۆجێی وپارێزگای هەولێرو سەرجەم قائیمقامیەتەکان و ناحیه‌و بەرێوبەرایەتی وفەرمانگە خزمه‌تگوزاریه‌کان ودەزگائەمنیەکان ( پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، بەرگری شارستانی و هەموو هێزەکانی تری ناوخۆ) دووپاتی دەکەینەوە وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئێوەش هاوکارمانبن، دڵنیاین بە هاوکاری و خۆڕاگری و پشتیوانی ئێوەی بەڕێز و پابەندبوونتان بەبڕیار و ڕاسپارەدەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن و ڕێکارە تەندرووستییەکان، ئەم دۆخە سەختەش تێدەپەڕێنین و بە سەلامەتی و سەرکەوتویی لێی دەردەچین.

لێره‌وه‌ش داوا له‌ هاوڵاتیانی شاره‌ خۆشه‌ویسته‌که‌مان ده‌که‌ین، له‌ کاتی گه‌شت و سه‌یران، ژینگه‌ بپارێزن و شوفێرانیش ئارام و له‌سه‌رخۆبن و گیانی خۆتان و هاووڵاتیان مه‌خه‌نه‌ مه‌ترسی.

جارێکی دیکە نەورۆزتان پیرۆزبێت و هیواخوازین نەورۆزی ئەمساڵ ببیتە مایەی خێر وخۆشی و بەرەکەت بۆ هەموولایەک و نەورۆزی نەمانی قەیرانەکان و خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بێت بۆ کوردستانیان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە