گڵکۆی هونەرمەند محەمەد ماملێ لە مەهاباد لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە شێوێندرا

گڵکۆی هونەرمەند محەمەد ماملێ لە مەهاباد لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە شێوێندرا

پەیامی کورد ... گڵکۆی هونەرمەند محەمەد ماملێ لە مەهاباد لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە شێوێندرا

 

دوێنێ هەینی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، لە گۆڕستانی سپیی ئەو شارە، هێرش کراوەتە سەر گڵکۆی هونەرمەند محەمەدی ماملێ و شێوێندراوە.

 

دوێنێ هەینی ٨ی١ی٢٠٢١ لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە هێرش کراوەتە سەر گڵکۆی هونەرمەندی ناوداری کورد، مامۆستا محەممەد ماملێ و بە ڕەنگ وێنە و نووسراوەی سەر کێلی مەزاری ئەو هونەرمەندە ڕەش کراوەتەوە و سووکایەتیی پێ کراوە.

 

لەمبارەوە بنەماڵەی هونەرمەند محەمەدی ماملێ لە ماڵپەڕی ماملێ راگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرایان کردووە: "ئەو دیاردە دزێو و ناشیرینە دەمێکە لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بووەتە باو. کەسانێکی نەفس نەزم و بەتاڵ لە بەها مرۆڤایەتییەکان هەن کە ڕەحم بە مردووی گۆڕستانەکانیش ناکەن. لەبیرمانە کە چەندین جار گڵکۆی نەمران سولەیمانی موعەینی، مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار بە گوللە شکێندران، یان بە ڕەنگ دەیانشێواندن یان دەیانشکاندن."

 

بنەماڵەی ماملێ ئاماژەیان بەوەش داوە: "دڵنیایان دەکەینەوە کە بەو کارە سووکانە نە مێژوو، نە کەسایەتیی محەممەدی ماملێ خەوشەدار دەبێ و نە فەرهەنگ و هونەری کوردی نسکۆی بەسەردا دێت، بەڵکوو پێوەندیی نێوان هونەر و هونەرمەندی دەروەست دەگەڵ میللەتی کورد پتەوتر دەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕووڕەشییە بۆ بکەران و بۆ ئەنجامدەرانی ئەو کارە ترسنۆکانەیە".

 

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایان بەرپرسانی ئەو گۆڕستانە و لایەنە فەرمییەکانی شاری مەهابادەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

 

محەممەد ماملێ (لەدایکبوون ١٩٢٥ - کۆچی‌ دوایی ١٩٩٩) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، مەقامبێژ کورد، خەڵکی مەھابادە. ماملێ لە ساڵی ١٩٢٥ یەکێک لە گەڕەکی "خڕێ"ی شاری مەھاباد لەدایک بووە. ماملێ ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە.

 

لە بنەماڵەی ماملێدا جیا لە محەمەدی ماملێ چەندین کەسی دیکە و برا و کوڕەکانی هونەرمەند و نووسەرن، ماملێ لە گۆرانیدا خاوەن شێواز و ڕێچکەی تایبەت بە خۆیە و بە دەیان بەرهەمی بەنرخی پێشکەش بە هونەری کوردی کردووە.

 

سەرەنجام ماملێ پاش خزمەتێکی زۆر بە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی ساڵی ١٩٩٩ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی سپی و لە ڕێزی نووسەر و هونەرمەندانی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە