پەیامی کورد ... بۆ یەكەمجار 20ی ئەم مانگە هەولێری پایتەخت میوانداری كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی كارگێڕی یەكیتی عەرەبی كۆنسووڵە فەخرییەكانی كرد، كۆنسووڵی فەخری سریلانكا و جێگری سەرۆكی یەكیتی عەرەبی كۆنسووڵە فەخرییەكانیش دەڵێ، كۆنسووڵە فەخرییەكانی ئەنجوومەنی كارگێڕی یەكیتی عەرەبی، زۆر سەرسام بوون بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و لە داهاتوودا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كوردستان بەهێزتر دەكەن.
دكتۆر ئەحمەد جەلال، كۆنسووڵی فەخری سریلانكا و جێگری سەرۆكی یەكیتی عەرەبیی كۆنسووڵە فەخرییەكان، ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی ئەنجوومەنی كارگێڕی یەكیتی عەرەبی كۆنسووڵە فەخرییەكان لەسەر داوای ئێمە بڕیاری دا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی دووەمی خۆی ئەنجام بدات، رۆژی 20 ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، كە بۆ هەموو ئەو كۆنسووڵانەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو و هەروەها زۆربەی كۆنسووڵە فەخرییەكان، پێشكەوتن و جوانی و پێكەوەژیان و ئارامی كوردستان، شتێكی كتوپڕ و مایەی خۆشحاڵی بوو بۆیان، چوونكە یەكەمینجار بوو كوردستان ببینن، بۆیە زۆر پێی سەرسام بوون و دەیانگوت لە كاتێكی كەم كوردستان پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، كە چەندین ووڵاتی عەرەبی و ئەفریقی هەن چەندان ساڵە دەوڵەتن و وا پێشكەوتوو نین".
جەلال دەشڵێ: "بەرنامەیەكی باشمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندی نێوان ووڵاتانی ئەفریقی و عەرەبییش وەكو ووڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكەین و، كۆنسووڵخانە لە هەولێر بكەنەوە، چونكە كوردستان هەرێمێكی پێشكەوتوو و ئارامە، هەروەها شوێنێكی بازرگانی و ئابووری و كولتوورییە و خەڵكەكەیشی میواندۆستە، كە بەپێی بەرنامەكە لە داهاتوودا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی بەهێزتر دەبن."
كۆنسووڵی فەخری سریلانكا ئاماژەشی دا: "سەرۆكی ژووری بازرگانی ووڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی لەگەڵ شاندەكە هاتبوون، وەكو سەرەتا دوو رێككەوتنی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان واژۆ كران بۆ ئەنجامدانی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بازرگانین، لە پلانی ئەوانیشدایە زۆر شتی تر لە هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا ئەنجام بدەن، هەروەها بازرگانێكی سعوودیەش لەگەڵ شاندەكە بوو و بڕیارە كۆمپانیایەكی هێڵی ئاسمانی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێت".
شایەنی باسە، ژمارەی كۆنسووڵی فەخری لە ووڵاتانی عەرەبی، دەگاتە 705 كۆنسووڵ كە دابەش بوونە بەسەر 20 وڵاتدا و پێكدێن لە كەسایەتیی ئابووری و بازرگانی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و كار بۆ تۆكمەكردن و بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان ووڵاتانی بەشداربووی یەكێتییەكە دەكەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە