پەیامی کورد ... ڕێکخراوێکی جیهانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەناسێنێت و ئاڵای کوردستان یش لە ئیمۆجیەکانی خۆی زیاد دەکات
رێکخراوی ئایسۆ، بەفەرمی هەرێمی کوردستانی ناساند وەک هەرێمێک لە عێراق و ئیمۆجی ئاڵای كوردستانی زیادكرد و بۆ لەمەولا ھەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆدی تایبەت بەخۆی دەبێت لە مامەڵە جیهانییەکاندا.
سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە؛ ھەرێمی کوردستان بە فەرمی بناسێندرێت و کۆدی تایبەت بەخۆی ھەبێت لە مامەڵە جیهانییەکاندا، ئەمڕۆ ٤/٣، رێکخراوەکە ڕەزامەندی دا لەسەر داواکارییەکەو کۆدی (IQ-KR)ی بۆ هەرێمی کوردستان دابینکرد.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای رەزامەندی رێکخراوی ئایسۆ (ISO) و دابینکردنی کۆدی تایبەت بە خۆی، ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنماییەکانی رێکخراوی یوونیکۆد (Unicode) دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان.
هەروەها، ئەم ناساندنەی ھەرێمی کوردستان؛ جگە لەوەی ئاڵای کوردستان دەناسێندرێت وەک ھەرێمێک لە (یونیکۆد Unicode Standard)، کار ئاسانی دەکات بۆ بەستنەوەی دام و دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە دام و دەزگا نێودەوڵەتییەکان.
قوباد تاڵەبانی دەربارەی ئەم بڕیارە نووسیویەتی: ئەم ناساندنە هاوکارمان دەبێت لە مامەڵە ئەلیكترۆنییە نێودەوڵەتییەكان و ھەنگاونانی زیاتر بەرەو حکوومەتێکی ئەلێکترۆنی. هەروەها ئەم ناساندنە یارمەتیدەر دەبێت لە پرۆسەی بازرگانی ئەلێکترۆنی و بەریدی نێودەوڵەتی (پۆستە) و گەشەکردنی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان. جێی دڵخۆشییە كە ئەو ناساندنە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دامەزراندنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە فەرمی.
کۆدی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەخۆ دەگرێت و داوای زیادکردنی کۆدی پارێزگای هەڵەبجەش کراوە کە لە داهاتوویەكی نزیکدا زیاد دەکرێت.
رێکخراوی (ئایسۆ International Organization for Standardization ) رێکخراوێکی جیھانیە تایبەتە بە دانانی پێوەرەکانی مووڵەتە بازرگانی و پیشەسازییەکان و کارەکانی پەیوەست بە تەکنۆلۆژیا و درووستکردنی پەیوەندی لەنێوان دامودەزگاکانی ووڵاتان و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ١٦٠ ووڵات لەلایەن ئەم رێکخراوە ناسێندراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە