پەیامی کورد ... ڕاگەێندراوی تایبەت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
دەقی راگەیندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
بە پێی ڕاگەێندراوی تایبەت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەێندراوە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە ، هەندێک لە میدیاکانی نزیک لە " پەکەکە " تۆمەتێکی ناڕەوایان خستووەتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ەوە ، کە گوایە لە کوشتنی یەکیک لە سەرکردەکانی ئەو پارتەدا تێوەگلاون ، بە داخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆیش بۆ قازانجی سیاسی و مەبەستی تایبەتی خۆیان زیاتر لە سەر ئەم بابەتە پەرەیان داوە.
ئێمە وەکوو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، هەموو شتێکی ئەم بابەتە ڕەت دەکەینەوە و وێڕای ئەمەش بە ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەکارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە ، کە بوونی " پەکەکە " بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە ، بۆ ڕاکێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێمی کوردستان . هەروەها چەندین سالە ڕێگرن لر ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ناوچەی هەرێمی کوردستان ، بە داخەوە بەم دواییانەش چەکدارانی پەکەکە خۆیان خستۆتە پەنای گوند و ئاواییەکانمان و بەم هۆیەشەوە هاووڵاتیانی سڤیل بوونەتە قوربانی پێکدادانی نێوان پەکەکە و تورکیا .
لێرەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە کۆی سیستەمی ئیداری هەرێم کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان دا ، دژی ئەم سیاسەتەی پەکەکە یە و خوازیارە کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینە ڕوو کە کوردستانێکی ئازاد پێویستی بە ئازاد کردن نییە .
دەبێت هەموو لایەک ڕێز لە سەروەری هەرێم و دام و دەزگا شەرعییەکانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن ، هاوکات خوازیارین هەموو هێزەکانی ناوچەکە ڕێگەی ئاشتیانە و گفت و گۆ بگرنە بەر و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت .
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٠٩/٠٧/٢٠١٩
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە