پەیامی کورد ... سەرۆکی پەرلەمان لە درەنگانی شەودا بڕیارەکەی سەر سۆران عۆمەری هەڵوەشاندەوە .
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەڵوەشاندەوە و ئەویش لە پای ئەو هەنگاوە سوپاسی دەكات.
سۆران عومەر لە سوپاسنامەكەیدا، كە درەنگانی شەوی دووشەممە لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، دەڵێت "پاش ئەوەی بەنایاسایی كۆبوونەوەی 7-5-2020 ئەنجامدرا بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر بەندە، پاشان بڕیاری ژمارە 4ی لێكەوتەوە، لە 19-5-2020 تانەیەكم ئاراستەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان كردو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییەم كرد، پشت بەستوو بەمادەكانی پەیڕەوی ناوخۆ، لەپێناو گێڕانەوەی شكۆ بۆ پەرلەمانی كوردستان و دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان تاكو ئەم بڕیارە نایاساییە نەبێتە پێشینەكی نایاسایی خراپ، كە مەترسی بوو بۆ كاری پەرلەمانی و پێشێلی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان و ئازادی بیروڕا".
لە روانگەی ووڵامدانەوەی تانەكەش، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی سوپاسی سەرۆكی پەرلەمان دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 4ی هەڵگرتنی پارێزبەندی، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكات، كە دژی بڕیارەكە بوون و پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی بوون تاكوو ئەو كارە بە بەكارهێنانی زۆرینە نەبێتە پێشینەیەكی خراپ.
هەروەها پەیامێكیشی ئاراستەی پەرلەمانتارانی پارتی كردوە و دەڵێت "ئەوەی پێی وایە ئەم بڕیارەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان دەباتە ئەنجوومەنی شەورا، نایاساییە و لەدەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەماندا نییە نوسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی شەورا بكات، پشت بەستوو بە بڕگەی یەكەم لەمادەی دەیەم لە یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2008ی ئەنجوومەنی شەورا، تەنها لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانە داوای ڕاوبۆچەون لە ئەنجوومەنی شەورا بكات. هەروەها هیچ بڕیارو كۆبوەنەوەیەكی پەرلەمانیش ناكەوێتە تایبەتمەندی دادگای كارگێڕی بۆ تانە لێدان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە