پەیامی کورد ... شاعیر و نووسەری کورد مەهاباد قەرەداغی گیانی لە دەستدا
نووسەر و شاعیر و چالاكوانانی كورد، مەهاباد قەرەداغی، دوای تووشبوونی بە ڤیرووسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
مهاباد قەرەداغی، لە ٢٢-٠١-١٩٦٦ لە شارۆچکەی کفری سەر بە پارێزگای کەرکووک لە دایک بووە، خانمە شاعیر و رۆماننوس، لە ساڵی ١٩٧٨ كە تەمەنی ١٢ ساڵ بوە دەستی بە نووسینی شیعر کردوە، لە ئاداری ١٩٨٠ یەکەمین بەرهەمی شیعری لە هەفتەنامەی هاوکاری بڵاوکراوەتەوە لە هەمان ساڵدا و لە ٢٧ی نیساندا لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە لە سۆنگەی شیعری بەرگری زیندانی دەکرێت. لە ئەشکەنجەخانەکانی ئەمنی کفرییەوە بۆ بەعقووبە و لەوێشەوە بۆ زەعفەرانییە و دواتر بۆ ئەمنی عامەی بەغدا دەگوێزرێتەوە و دواتر لە ساڵی ١٩٨١ لە دادگای سەورە لە بەغدا حوکمی ساڵێک زیندانی بەسەردا دراوە.
لە ساڵی ١٩٨٢ لە رێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان درێژە بە تێکۆشانی سیاسی دەدات. لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ناو شاردا بە ناوی مەهاباد قەرەداغی شیعر و نووسینەکانی بڵاو دەکاتەوە، لە گۆڤارەکانی شاخیش بە ناوی خوازراوی هەتاو گەرمیانی، ژاڵە، بەردەوام، ئاڵا و هتد.
لە دوای راپەڕین لە ساڵی ١٩٩١ دەبیتە ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد، لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەل موستەفا گەرمیانی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری دەکات. لە ساڵی ١٩٩٣ ڕوو لە سوێد دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٩٤ دەست بە چاپکردنی بەرهەمەکانی دەکات کە چەندین کتیبی شیعر و چیرۆک و لیکۆڵینەوە و ڕۆمان بون و لەسەردەمی بەعسدا لەبەر سانسۆر رگەی چاپکردنیان نەدەدان.
لە ماوەی تەمەنیدا زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی نووسین و ئەدەبی لە بوارەكانی کۆمەڵە شیعر، کۆمەڵە چیرۆک، ڕۆمان، بیرەوەری، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی، وەرگێران و کتێبی پەروەردەیی. بەچاپ گەیاندوە و لە ساڵی ٢٠١٨ بوەتە ئەندامی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەمڕۆ لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا و بەهۆی تووشبوونی بە ڤیرووسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە