پەیامی کورد ... دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سەماوە هەڵدراوەتەوە، کە ڕووفاتی قوربانیانی ئەنفالی کوردی تێدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-7-2019 لە بیابانەكانی سەماوەی باشووری عیراق یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدرایەوە، كە تائێستا زانیاری ئەوە هەیە ڕووفاتی نزیكەی 100 ئەنفالكراوی تێدایە . ئاماژەی بەوەکردوە، منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان ساڵێک بۆ دو ساڵدایە و ژنەکانیانیش زۆرینەیان تەمەن لە چلەکاندایە، هاوکات دو گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵیش لەنزیک هەمان گۆڕ هەن کە دوای رێکارە یاساییەکان هەڵدەدرێنەوە .
لەوبارەیەوە فوئاد عوسمان ووتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ، راگەیاند، هەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ دەستیپێكردوە، كە سێ مانگ لەمەوبەر لەگەڵ دوو گۆڕی دیكەدا لەو ناوچەیەدا دۆزراوەتەوە.
وتیشی "ئەو گۆڕەی هەڵدراوەتەوە تائێستا ڕووفاتی 100 هاوڵاتی كوردی تێدایە، كە بەپێی قۆناغەكانی ئەنفال و ئەو كەشوهەوایەی ئەوكات پرۆسەی ئەنفالی تێدا جێبەجێكراوە، پێدەچێت هەموویان خەڵكی دەڤەری گەرمیان بن".
لەبارەی دیمەنەكانی ناو ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەش، فوئاد عوسمان دەڵێت "دیمەنەكان زۆر تراژێدین، چوونكە بەدەیان منداڵ لە باوەشی دایكیاندا گیانیان لە دەستداوە، كە هەمان دیمەنە تراژیدییەكەی عومەری خاوەرمان لە هەڵەبجە دێنێتەوە بەرچاو".
فوئاد عوسمان رونیشیكردەوە، لە ئێستادا قۆناغی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەستیپێكردوە، پاشان دەبرێن بۆ پزیشكی دادوەری و دواتر پشكنینی DNAیان بۆ دەكرێت، پاشان دەهێنرێنەوە بۆ كوردستان و بە مەراسیمێكی شایستە رەوانەی زێدی خۆیان دەكرێنەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە