بەشوودانی زۆرەملێ خۆکوشتنی کچێکی لێکەوتەوە

بەشوودانی زۆرەملێ خۆکوشتنی کچێکی لێکەوتەوە

پەیامی کورد... بەشوودانی زۆرەملێ خۆکوشتنی کچێکی لێکەوتەوە



پەریا تاکستانیزادە وەرمەڵێ، کچێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆکاری گوشاری بنەماڵەکەی بۆ بەشوودانی زۆرەملێ، کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، پەریا تاکستانیزادە وەرمەڵێ، ​​خەڵکی شاری هەرسین، دوای قەبووڵنەکردن و نەچوونەژێرباری بەشوودنی زۆرەملێ و پێکهێنانی ژیانی نادڵخوازی خۆی لەگەڵ ئامۆزاکەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، باوکی پەریا لە ژیاندا نەماوە و بە سەرپەرستیی باپیری گەورە بووە کە بەهۆی گوشارەکانی باپیری (باوکی باوکی) بۆ بەشوودانی زۆرەملێ و ناچارکردنی پەریا بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی نادڵخواز، کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.

تەرمی ئەو کچە مێرمنداڵە ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ڕەزبەز لە گۆڕستانێکی شاری هەرسین ئەسپەردە کراوە.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای فەقیهی ئیسلامی و نەبوونی ڕێکارێکی یاساییی گونجاو و ڕێکوپێک بۆ پاڵپشتی و دەستێتوەردان لە وەها بارودۆخگەلێکدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی توندوتیژیی بنەماڵە لەسەر کچان و بەتایبەت بەشوودانی زۆرەملێ و ناچارکردنیان بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی نادڵخوازی خۆیانە لە ئێراندا، بەتایبەت کچانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە