لەمانگێکدا ٣١ هاووڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون

لەمانگێکدا ٣١ هاووڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون


 پەیامی کورد … لەمانگێکدا ٣١ هاووڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینی، لاینکەم دەستبەسەر کرانی ٣١ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران، و چالاکی مەدەنی و مەزهەبی تۆمار کراوە و ٩ چالاکیش سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢١ دا، لانیکەم ٣١ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ٢٨ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت و ٢ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵانیش دەستبەسەر کراون.

زیاترین هاووڵاتی لە پارێزگاکانی ئورمیە دەستەبەسەر کراون کە ١٩ حاڵەت بووە. هەروەها دەستبەسەر کرانی ١١ هاووڵاتی لە پارێزگای سنە و هاووڵاتییەک لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە.

لە مانگی ڕابردوودا سێ چالاکی ژن، مێرمنداڵێکی ١٦ ساڵان و منداڵێکی ٤ ساڵان و هەروەها مامۆستایەکی قوتابخانە دەستبەسەر کراون. دوو کەسیان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لە مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا لانیکەم ٩ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٢١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە