پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ هەینی ٣٠ی ١٠ی ٢٠٢٠ نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین و هۆكاری سەرەكیش شەپۆلی دووهەمی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنایە لە سەرتاسەری جیهان.
ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت بۆ سێهەمین رۆژی لەسەریەك دابەزینی بەخۆوە بینی، بەگوێرەی ناوەندەكانی تایبەت بەو بەرهەمە خاوە یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی لەسەدا ١.٤ بەهای دابەزیوە و بە ٣٧.١٤ دۆلار كۆتا مامەڵەی پێوەكراوە.
نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساس لە ئەمریكا بە رێژەی لەسەدا ١.٣ دابەزیوە و بە ٣٥.٦٩ دۆلار ئەمڕۆ هەینی كۆتا مامەڵەی پێوەكراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ پێنجشەممە نەوتی خاوی برێنت نزمترین ئاستی لە نرخەكەیدا تۆماركرد بەراورد بە پێنج مانگی رابردوو، نەوتی خاوی ئەمریكاش هاوشێوە دوێنێ نزمترین ئاستی تۆماركرد بەراورد بە نرخەكانی لە مانگی حوەزەیرانی ئەمساڵەوە هەتا پێنجشەممە.
پێشبینیش دەكرێت بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبوون و مەرگ بە كۆرۆنا لە ئەورووپا و ویلایەتە یەكگرتوەكان زیان بە رێژەی بەكارهێنانی سووتەمەنی بگەێنێت و كاریگەری بەرچاو لەسەر نرخەكانی دەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە