پەیامی مەلا بەختیار بۆ ئەو کاندیدانەی لە هەڵبژاردنەکەی کۆنگرەی چوارەم دا دەرنەچوون

پەیامی مەلا بەختیار بۆ ئەو کاندیدانەی لە هەڵبژاردنەکەی کۆنگرەی چوارەم دا دەرنەچوون

پەیامی کورد    ....    مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند،"گرینگە هەڤاڵە دەرنەچوەکان دەرکی ئەوە بکەن، دەرنەچوون لە مێژوو و سەنگیان هەرگیز کەمنابێتەوە، بەشێکی ئەوانەی دەریش چوون، دەبێ دڵنیا بن، دۆخی ناو یەکێتی یارمەتیدەریان بوە."
مەلا بەختیار، لە پەیامێکدا كە ئاراستەی ئەو ئەندامانەی كۆنگرەی كردوە كەبۆ ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی نەیانتوانیوە سەركەون نوسیویەتی،"کۆنگرە متمانەی بەخشیە (١٢١) هەڤاڵ بۆ ئەنجوومەنی گشتی. هەڤاڵانی دیکە متمانەیان وەرنەگرت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی دەڵێت،"رێژەی ئەندامانی سەرکردایەتی، زۆرن و کەم نین. واتا: دەرفەتی فراوان دراوەتە کاندیدەکان. وەکوو هەموو هەڵبژاردنێکی دیکە زۆربەی کادرەکان دەرنەچون. چونکە کاندیدەکانیش زۆر زۆر بوون."راشیگەیاندوە،"لەناو دەرنەچواندا، تێکۆشەری کۆڵنەدەر و قوربانی بەخش و ئەزمووندیدەن. بەڵام دوا بڕیار هی کۆنگرەیە. دەشزانم، نە هەموو ئەوانەی دەرچوون، لە دەرنەچوەکان شایستەترن. نە دەرنەچوەکانیش لە بەشێکی دەرچوە نوێکان، بێ تواناترن. دیارە دەبێ حوکمی هەڵبژاردن قبوڵ بکرێ. ئەمەش حوکمی دیموکراسیە، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو لایەنی سیاسی گیرۆدەی کێشەو ململانێ."
لە درێژەی پەیامەكەیدا مەلا بەختیار دەڵێت،"ئەوەی گرنیگە، هەڤاڵە دەرنەچوەکان دەرکی ئەوە بکەن، دەرنەچوون لە مێژوویان و سەنگیان هەرگیز کەم نابێتەوە، بەشێکی ئەوانەی دەریشچوون، دەبێ دڵنیا بن، دۆخی ناو یەکێتی یارمەتیدەریان بوە."

دەشڵێت،"هەڤاڵان، پێویستە خۆمان بە سەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەباری دەروونیەوە رابهێنین، سەرکردەی گەورەو رابەری هەڵکەوتوو، زۆرجار لەناو هەڵبژاردنی گشتی و ناو حیزبەکان دەرنەچوون. درێژەشیان بە تێکۆشان داوە."

لە كۆتاییشدا رایگەیاندوە،"پرۆسەی ناکامڵی دیموکراسی و ئەرکی دادپەروەری و تێگەیشتن لە سەردەمەکە، پێویستی بەو هەڤاڵانەیە توانا و ئەزموونی زۆریان هەیە، بەڵام دۆخی ناو یەکێتی غەدری لێکردن. رێزم بۆ هەموویان هەیە.. سەنگەری دیموکراسی فراوانە، سەرەڕای دەرنەچوون."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە